کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سامانی هاووڵاتییان داگیر دەکات

14:32 - 27 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژهەڵات دەست بە سەر مڵک و ماڵی هاووڵاتییاندا دەگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای پاسداران لە شاری ڕەبەت سەر بە پارێزگای ورمێ، مڵک و سامانی هاووڵاتییانی کورد داگیر دەکەن و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ڕێکخراوی سپای شاری سەردەشت دەستی بە سەر زەویی سازمان امور مهاجرتدا گرتووە و دەیانهەوێ ئەو پارچە زەوییە بە سەر بەکرێگیراوانی ڕێژیم و ئەندامانی سپادا دابەش بکەن.

بەپێی ئەو هەواڵە، ئەم زەوییە ٦ هێکتار پانتایی هەیە و لەنێو شاری ڕەبەت هەڵکەوتووە.

خەڵکی شاری ڕەبەت بە توندی ناڕەزایەتییان بەم کارەی ڕێکخراوی سپا دەربڕیوە و داوایان کردووە کە ئەم زەوییە بە سەر کەسانی بێ ماڵ و زەوی و کەم داهات‌دا دابەش بکرێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەت سپای پاسداران بە شێوەیەکی بەرین دەست بە سەر سامانی هاووڵاتییاندا دەگرن، بە شێوەیەک کە تەنانەت بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە نیسبەت بەو کارەی سپا و بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و باسیان لەوە کردووە کە؛ دیاردەی زمین خواری لە ئێراندا مەترسییەکە بۆ سەر سامانی گشتیی هاووڵاتییان.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئابووریی ئەو وڵاتەی لەدەستدایە و بۆ دزی و تاڵانی سامانە سرووشتییەکان لە هیچ کار و کردەوەیەک خۆ نابوێرت.