کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی یازدەیەمی ڕێژیم بڕی ٧٠٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزدارە

15:25 - 27 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: وەزیری ئابووریی ڕێژیم دەڵێ: دەوڵەتی یازدەیەم لەگەڵ چەندین گرفتی ماڵی بەرەوڕوویە و داهاتە مالیاتییەکانمان زۆر کەمن؛ هەروەها بودجەی ئاوەدانیی وڵات تەنیا ٣٠ هەزار میلیارد تمەنە، لە حاڵێکدا کە ٤٢ هەزار میلیارد تمەن تەنیا بۆ دانی یارانەی نەخدی سەرف دەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار، وەزیری ئابووریی ڕێژیم، عەلی تەیێب نیا لە ئاخاوتنێکدا لە ژووری بازرگانیی ئێران باسی لە گرفت و کێشە زۆر و زەوەندەکانی ئابووریی ئێران کرد و وتی؛ هاوکات لەگەڵ هەبوونی قەرزی ٧٠٠ هەزار میلیارد تمەنیمان، داهاتی ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵی ئێمە تەنیا ٣٠٠ میلیارد تمەن بووە.

ناوبراو کە لە چوارچێوەی پشتیوانی کردن لە گەڵاڵەی پیشنیاریی بودجەی ٩٦ قسەی دەکرد، وتوویەتی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێمە بەستراوە بوونمان بە داهاتی نەوتە، بەڵام ئەگەر ئێمە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەمان بۆ ماڵیات و وەرگرتنی باج بگۆرین بەشی زۆری کێشەکانمان چارەسەر دەبن.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بەشێک لە کارناسانی ئابووری دەڵێن؛ نەتەنیا دابین کردنی داهاتە ماڵیاتییەکان چەشنێک لە خەون و خەیاڵە، بەڵکوو زیادکردنی باج (وەک ئەوەی لە بودجەی ٩٦ دا پێشنیاری بۆ کراوە) دەتوانێ خەسارێکی کوشندە بێت بۆ بەژنی لاواز و نەخۆشی ئابووریی ئێران، ئەمەش بەوهۆیەوە کە هیچ کام لە جەمسەرە ئابوورییەکانی ئیران (بازاڕ، بەرهەمهێنەران و کەرتی خزمەتگوزاری) ناتوانن ماڵیاتی (باج) پێشنیاری لە گەڵاڵەی بودجە بۆ ساڵی داهاتوو ڕادەستی حکومەت بکەن.

ئەم بۆچوونەش لەو ڕاستایەدا هاتۆتە گۆرێ کە بەشی سەرەکیی ئابووریی ئێران لە ژێر دەستی ناوەندە بەستراوەکان بە سەنتەرەکانی دەسەڵات واتە ویلایەتی فەقیهـ، ئاستانی قۆدسی ڕەزەوی و سپای پاسدارانە و بەپێی یاساکانی ڕێژیم ئەم نیهادانە لە دانی باج و ماڵیات بێبەری کراون، کەواتە جێبەجێ کردنی خاڵەکانی گەڵاڵەی بودجەی ٩٦ تەنیا دەبێتە هۆی زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر ئەو بەشە لە ئابووریی ئێران کە لە دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمدا نین کە ئەویش بەشێکی زۆر کەمە.