کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تاران بەشێوەی بەرنامەبۆداڕێژراو سەرقاڵی \"زمین خواری\"یە

16:35 - 28 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەست و پێوەندییەکانییەوە بەتایبەت ڕێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسداران سەرقاڵی زمین خواری لە کوردستانە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ بە بەڕێوەبردنی پیلانی جۆربەجۆر و یەک لەوان زمین خواری هەوڵی داگیرکردنی مڵک و سامانی گشتی و هەروەها درووست کردنی دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە دەدات.

بەپێی ئەم هەواڵە، ڕێژیم لە سەر چۆمی جەخەتوو هەڵکەوتوو لە ناوچەی هەوشاری پارێزگای ورمێ کە سنوری نێوان ناوچە کوردنشین و ئازەری زمانەکان دیاری دەکات، لە ژێر ناوی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی هەندێک پیلانە کە ڕێڕەوی ئاوەکە بەچەشنێک دەگۆڕێ کە هاووڵاتییانی کوردی ئەم ناوچە لێی زەرەرمەند دەبن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاند: ڕێژیم هەوڵی داوە به‌ تێكردنی به‌رد و دروست كردنی دیواری به‌ردین، یان به‌ بیانووی ده‌رهینانی خیز و لمى ئه‌و چۆمە ڕێڕەوی ئاوەکە بۆ لای گوندەکانی قه‌ڵا كۆن، ئاخجه‌لی، كه‌شاوه‌رز و قه‌ره‌قوینلی بگۆڕێت کە دانیشتوانەکەی ئازەری زمانن.

ئەو گوندە کوردنشینانەی کە بەهۆی ئەم پڕۆژەوە خەسارمەند دەبن بریتین لە: ئه‌حمه‌دئاوا، حاجی‌ئاوا، قانزالى، كانی كوزه‌ڵه‌.

خەڵکی ئەم ناوچانە بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە ئاوی جەخەتوو و لەوڕگەکانی دەوروبەری ساڵانێکی دوور و درێژە کە بژێوی ژیانیان لەم ڕێگەوە دابین دەکەن کە بە تەواوکردنی پڕۆژەی ئاماژەبۆکراو دابین کردنی بژێوی ژیانیان لەگەڵ گرفتی جیددی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ڕووبەری ئەم لەوڕگانە تەنیا لە گوندی قانزالی ١٥٠٠ هێکتارە.

هەر لەمبارەوە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا پێی ڕاگەیاندووین کە؛ لە چەند مانگی ڕابردوودا سپای پاسدارانی ڕیژیم بە درووست کردنی کۆمەڵێک بەڵگەی ساختە و ناڕاست و لە ڕێگەی کەسێکی نەفس نزمی خەڵکی ئیسفەهان هەوڵی فرۆشتنەوەی زەوی و زاری خەڵک بە خەڵک دەدەن، واتە وەها دەنوێنن کە ئەم کەسە خاوەنی ئەو زەوییانەیە و دەیانهەوێ بەمشێوەیەش درێژە بە تاڵانکارییەکانیان بدەن کە ئەم مەسەلە ناڕەزایەتی و پەرچەکرداری خەڵکی ناوچەی لێکەوتۆتەوە.

مەسەلەیەکی دیکە لەم نێوانەدا ئەوەیە کە؛ ڕێژیم ناڕازییان بە ئەم کاولکارییانە وەک دژبەری حکومەت دەناسێنێ و لە دژیان سکاڵا تۆمار دەکات.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش هێزە دژی گەلییەکانی سپا دەستیان بەسەر زەوییەکدا بە پانتایی ٦ هێکتار لە نێو شاری ڕەبەت گرت کە دەیانهەوێ بەسەر بەکرێگیراوانی ڕێژیم و ئەندامانی سپادا دابەشی بکەن.