کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەوڵی گۆڕینی شوناسە مێژووییەکانی کوردستان دەدات

14:56 - 29 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەوڵە نەزۆکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی شوناسە مێژوویی و نەتەوەییەکان لە کوردستان، فەرمانداریی شارستانی سەقز دەستی کردووە بە گۆڕینی ناوی بەشێک لە گوندەکانی ئەم ناوچە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ فەرمانداریی شارستانی سەقز لە ڕێگەی دام و دەزگا ژێرکۆمەڵەکانییەوە هەوڵ دەدات ناوی گوندەکانی ئەم ناوچە کە خاوەنی مێژووی تایبەت بەخۆیانن بۆ ناوگەلێک بگۆڕێت کە کوردی نین و ئەمەش بەڕای کارناسان هەوڵێکە لە ڕاستای پڕۆژەی بەدناوی پەلاماری فەرهەنگی کە تێیدا فەرهەنگی کوردستان خەسارمەند دەبێت.

بەپێی ئەم هەواڵە، فەرمانداریی سەقز ناوی گوندەکانی خورومتا، دەریاوی، کەچەڵ میان و چەندین گوندی دیکەی گۆڕیوە.

لەمبارەوە یەحیا ئەسعەدی کارناسی باڵای کۆمەڵناسی، ڕوو لە بەرپرسانی فەرمانداری و دەزگا پێوەندیدارەکان نامەیەکی سەرئاوەڵای بڵاو کردۆتەوە و تێیدا نیگەرانیی چالاکانی فەرهەنگیی کوردستانی خستۆتەڕوو، لە بەشیک لەم نامەدا هاتووە؛ بەداخەوە بەهەڵە ناوهێنان یان نووسینی ناوی گوندەکان کە لەگەڵ چاوگی ڕاستەقینەیان ناتەبایە خەساری مەزن بە کلتووری کوردستان دەگەیەنێت.

ناوبراو دەنووسێ؛ پێویستە ئەم چەشنە هەڵەگەلە کە سەرچاوەگرتوو لە کەمیی ئاستی زانیاریی بەرپرسانی پێوەندیدارە هەرچی زووتر ڕاست بکرێنەوە، تاکوو تووشی بەلاڕێداچوونی مێژوویی نەبین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام هاوتەریب لەگەڵ شەڕە قورس و خوێناوییەکان کە لە دژی گەلی کورد بە درێژایی تەمەنی خۆی ڕەچاوی کردووە، هەوڵی داوە کە شەڕی نەرمیش لە دژی نەتەوەکەمان ئەنجام بدات و گۆڕینی ناوە تایبەتەکان لە کوردستانیش بە هەوڵێک لە چوارچێوەی شەڕی نەرمی ڕێژیم لەدژی گەلی کورد دەزانرێت، چوونکە هەر ناوێکی تایبەت، هەڵگری باری مانایی تایبەت بەخۆیەتی، و مێژوویەکی تایبەتی لە ناخی خۆیدا حەشار داوە کە بەگۆڕینی ناوەکە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەش لە بیر دەکرێن.