کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باراک ئۆباما گەمارۆ ئابوورییەکانی لە دژی ڕێژیمی ئێران درێژ کردەوە

15:13 - 29 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا باراک ئۆباما لە دوایین ساتەکانی سەرکۆماریی خۆیدا باسی لە بەرجام کرد و لە سەر درێژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران جەختی کردەوه.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرکۆماری ئامریکا لە بەیانییەیەکدا باسی لە کردەوەی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە کەنداو، سووریه و هەڕشە لە ئیسرائیل کرد و جەختی کردەوە کە بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پشتیوانی لە تێرۆریزم و درێژەدان بە بەرنامەی مووشەکی، بەشێک لە گەمارۆکان لەسەر وڵاتی ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئۆباما لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە؛ تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانە.

پێشتریش هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە؛ مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ماوەی ١٠ ساڵی دیکە درێژ کردەوە.

بەرپرسانی باڵای ئامریکا بەردەوام باس لە پەسندکردنی گەمارۆی ئابووریی زیاتر دژی ڕێژیمی ئێران دەکەن، چوونکە بوونی پارە لە دەست ڕێژیمی ئێراندا بە مەترسییەک بۆ ئەمنییەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت ناوچەکە و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەزانن.

لە سالی ٢٠٠٩ی زایینیەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراون، ژمارەیەکی زۆر لەو کەس، شیرکەت و دامەزراوەگەلەی کە هەوڵی یارمەتیدان بە رێژیمی ئێران و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیان داوە؛ لەلایەن ئامریکاوە دەستنیشان و سزا دراون.

لە دوای هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ وەکوو سەرکۆماری نوێی ئامریکا، باس لەوە کراوە کە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێداچوونەوەی پێدا دەکرێتەوە و هەروەها ترامپ ڕێککەوتنی ناوکی بە پەڵەیەکی پیس ناوبرد.