کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک فەتاح کاویان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

20:34 - 30 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک فەتاح کاویانەوە.

دەقی ڕاگەیەندراو:

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣٩٥/١٠/٢٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠١٧/١/١٨ی زایینی، تێکۆشەری دێرین کاک فەتاح کاویان بەهۆی ڕاوەستانی دڵیەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک فەتاح کاویان ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە شاری نیشتمانپەروەری مەهاباد، پایتەختی کۆماری کوردستان لەدایک بووە. تا وەرگرتنی دیپلۆم خۆێندنی درێژەداوە و پاشان لە زانکۆی تاران لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیسی لیسانسی وەرگرتووە و بووەتە مامۆستای قوتابخانەکان، وێڕای ئەرکی مامۆستایەتی وەک کەسێکی شارەزا لە بواری زمانەوانی کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسایەتی لە بواری وەرگێڕاندا بەڕێوە بردووە.

کاک فەتاح کاویان بەهۆی ئۆگری بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی لە چنگ زۆڵم و زۆر و دیکتاتۆری و گەیشتنی گەلەکەی بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی، لە ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی پێوەندی بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە کردووە، وەک ئەندامێکی دڵسۆز و چالاک لە کوردستانی خۆرهەڵات ئەرکی حیزبایەتی بەڕێوە بردووە، و چەندجار بە هۆی ئەو چالاکییانەیەوە لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران خراوەتە ژێر چاوەدیری و ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوییش لەگەڵ پۆلێک لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات گیراوە، و زیاتر لە ٢ ساڵ لەلایەن شکەنجەگەرانی ساواکەوە ئازار دراوە، لە ماوەی زیندانی بوونیدا بە پاراستنی نهێنییەکانی حیزب، بە ئامانجەکانی گەلەکەی وەفادار ماوەتەوە و لە شۆڕشی پڕشکۆی گەلانی ئێرانیشدا دژی ڕێژیمی دیکتاتوری پاشایەتی شان بە شانی هاوڕێیانی خەباتی کردووە و دواتر وازی لە مامۆستایەتی هێناوە و ڕاستەوخۆ لە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ئەرکی حیزبایەتی بەڕێوە بردووە، بۆ ماوەیەکی زۆر ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. کاک فەتاح کاویان وێڕای تایبەتمەندییە سیاسییەکانی کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی‌، قسەخۆش و لەسەردڵان بوو.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک فەتاح کاویان لە بنەماڵەی بەڕێزیان و هاوڕێیانی سەرەخۆشی دەکا و لە پرسە و سەرەخۆشی و خەمی لە دەستدانی ئەم تێکۆشەرەدا خۆی بە شەریک و بەشدار دەزانێ.

سڵاو لە گیانی پاکی کاک فەتاح کاویان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٣٩٥/١٠/٣٠ی هەتاوی
٢٠١٧/٠١/١٩ی زایینی