• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

سەفەری ییلدریم بۆ باشووری کوردستان بۆ چ مەبەستێک؟

زایینی: ٢٠-٠١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٥/١١/٠١ - ١١:٠٨ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
سەفەری ییلدریم بۆ باشووری کوردستان بۆ چ مەبەستێک؟
عەلی مونەززەمی

لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی‌دا لە پێشدا فرانسوا ئولاند، سەرۆک کۆماری فەڕانسە و دواتر بینالی ییلدریم، سەرۆک وەزیرانی تورکیە، هەر کامیان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەرەدانی بەغدا و هەولێریان کرد. ئەم سەفەرانە لە لایەن هندێک کاربەدەستی هەرێمی کوردستانەوە وا لێکدرانەوە کە مەبەست و ئاکامی سەفەری ئەم دوو شاندە هاوتراز دەهاتە بەرچاو. بەڵام بۆ ئێمە کە تا ڕادەیەک شارەزای سیاسەتەکانی ئەم دوو وڵاتەین، جیاوازییەکان بە باشی هەست پێدەکەین. هەر وەک چۆن شێوازی حوکمڕانی لە هەر دوو وڵاتی ئاماژە پێکراودا جیاوازە، ئامانج و کردەوەکانی ئەوانیش لە ئاست سیاسەتەکانی دەرەوەشیاندا بە شێوازێکی سرووشتی لە یەک جیاواز دەبێ. سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتێکی وەک فەڕانسە کە لە هەڵەکانی ڕابردوویان بە نیسبەت نەتەوەی کورد دەرسیان وەرگرتووە و زۆربەی ڕێبەرانیان خۆیان بە دۆستی گەلی کورد دەزانن و لە وڵاتەکەیاندا نرخەکانی دێموکراتیک تا ئاستێکی بەرز گەشەیان کردووە و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ کوردستان دەتوانێ ببێتە هۆی گەشەکردن و پێشکەوتنی دێموکراسی لە کوردستانیشدا، ناتوانێ هاوتەراز بێ لە گەڵ سیاستەکانی وڵاتێکی سێمی- دێموکراتیک کە پرسی کورد لە وڵاتەکەیدا هێشتا بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە. بۆ ئەوەی کە بتوانین لەو وتارە دا بابەتیانەتر لە سەر هاتنی وەها شاندێک بۆ کوردستان بدوێین، حەول دەدرێ بە کەڵک وەرگرتن لە هەندێک تئۆریی زانستی ڕامیاری لە سەر پەیوەندییەکانی دەرەوە و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئەو مژارە بخەینە بەر باس و ڕاڤە.

شرۆڤەی سەردانی ییلدریم لە دوو تێڕوانینی جیاوازەوە

ئێمە دەتوانین بە کەڵک وەرگرتن لە تئۆریی ڕئال پۆلیتیک / سیاسەتی ڕاست باوەڕانە، لە زانستی پەیوەندیی نێونەتەوەیی‌دا ئاوڕێک لەو سەفەرەی ییلدریم بدەینەوە. هەر وەک کە دەزانین، لە ڕئال پۆلیتیکدا بە چاویلکەی هێزەوە سەیری هەڵ و مەرجی نێونەتەوەیی دەکرێ کە تێیدا وڵاتان لە خەتی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیاندا تێدەکۆشن. ئەو یەکە لە بارەی پەیوەندییەکانی تورکیە و باشووری کوردستانیش ڕاستە. هەر جاریک کە تورکیە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان لە خەتەر کەوتبێ لە لایەن کوردەوە، پێشتر دەستیان دەدایە هەڕەشە لە باشووری کوردستان و بە زمانی چەکەوە قسەیان لە گەڵ باشوور دەکرد. لە بەر ئەوەی کە هەر جووڵەیەکی تورکیە لە پەیوەندییەکانی دەرەوەیاندا بە نیسبەت باشوور لە تێڕوانینێکی ڕئالیستیانەوە سەرچاوە دەگرێ و ئەو تێڕوانینەش بە نۆرەی خۆی وەها ڕێکارێک لە پێش تورکیە دادەنێ. هەرکاتێک کە تورکیە بیویستبا لە ڕێگای پەیوەندییەکانی لە باشووری وڵات کارێک بکا، لە پشت هەڵوێستە سیاسییەکانییەوە هەموو کاتێک پشتی بە هێزی زبری چەکداریی دەبەست. یانی ئەگەر گرینگیی ئامانجەکانیان لەبەرچاو بگرین، پەیوەندییەکانی تورکیە و هاتنی ییلدریم تاکتیکیە بۆ گەییشتن بە ئامانجە ستراتێژیکییەکانی تورکیە. ئەو ئامانجانە دەتوانین وەک ڕکابەری لە گەڵ ئێران لە نێو عێراق و باشووری کوردستاندا، پێش گرتن لە پ ک ک بۆئەوەی دەست بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا بگرێت، کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی نەوت و گازی کوردستان وەک ئاڵترناتیڤ لە بەرامبەر کەڵک وەرگرتنی تورکیە لە گاز و نەوتی ئێران و ڕووسیە و بەکارهێنانی باشووری کوردستان وەک بازاڕی شتومەکەکانی. لە بەرامبەر ئەو کارەدا شتێک کە نەسیبی باشووری کوردستان دەبێ ئەوەیە کە کێشی سیاسی و ستراتژیکی لە ئاستی ناوچە دەچێتە سەر و لە ڕکەبەریی ناوچەییدا قورسایی زیاتر دەبێ و هەروەها ڕێگای گەیشتن بە دنیای دەرەوەی بۆ ئاوەڵا دەبێ و لەو گەمارۆ وشکانیە ڕزگاری دەبێ کە جوغرافیا بۆی دروست کردووە. هەروەها ڕێگای هەناردە کردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگای بەندەری جێیهانەوە.

ئەگەر ئێمە بە چاویلکەی سیاسەتی ئیدیالیستی لەو پەیوەندییە بڕوانین کە دەوترێ ئەم جۆرە سیاسەتە بۆ خەملاندنە و لە نرخ و بەها مرۆڤییەکانەوە سەرچاوە دەگرێ، دەردەکەوێ کە هاتنی ییلدریم لە لایەک و ناردنی هێزی چەکدار بۆ باشوور ڕەنگە قازانجی دوولایەنەی تێدا بێ، کە تورکیە پشکی زۆرتری بەردەکەوێ.

ئەگەر ئەو هێمنایەتییەی کە سەرانی حکومەتی تورکیە داوای دەکەن و خوازیارین بخولقێنن، هێمنایەتی لە تێڕوانینێکی ئیدیالیستییەوە بێ، دەبێ وەها هێمنایەتییەک بۆ هەموو تاک و نەتەوەیەک بێ کە هەموو نەتەوەکان بە شێوازێکی یەکگرتوو بۆ گەییشتن بەو هێمنایەتیە و بۆ ئاشتی خەبات بکەن. ئەو کات ئەوان لە سەر بناغەی هێز، کە فاکتۆرێکی قابیلی گۆڕانە، بەڵکوو لە سەر بناغەی هەندێک نرخی دیکە، وەک پەرەپێدان بە دێموکراسی، بەرزکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ و زۆر نرخگەلێکی دیکە سەرەدانی باشووریان بکردایە.

ئارامیی و ئاسایش و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە ناوچەدا، بە بێ دەستەبەرکردنی مافی هەموو کەمینەکان و بەتایبەت بە بێ ئامادەیی بەرچاوی کورد لە ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە هاوکێشە سیاسی و ئیداری و ستراتژیکەکاندا جێگیر نابێ.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک