کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵكی توركیە لەگەڵ سیستەمی سەرۆكایەتی نین

15:56 - 1 رێبەندان 2716

كوردستان میدیا: توێژینەوەیەكی زانستی ئاشكرای كردووە زۆرینەی خەڵكی توركیە سیستمی سەرۆكایەتی بە سیستمێكی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیان نازانن.

بە گوێرەی هەواڵی باسنیووز، بەشی لێكۆڵینەوە و زانستی زانكۆی قادرهاس لە ئیستەنبۆڵ، كە ساڵانە ڕاپرسی لەسەر پرسە هەنوكەییەكانی توركیە لە ٨١ شاری توركیە ئەنجام دەدات، ڕاپرسییەكی بۆ ساڵی ٢٠١٦ كردووە و ئەنجامی ڕاپرسییەكەشیان بڵاوكردەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییەی زانكۆی ناوبراو ئەنجامی داوە، سەرەكیترین كێشە بە لای هاووڵاتیانی توركیەوە كێشەی تیرۆرە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە پێشتر گروپی تیرۆریستی داعش و پەكەكە وەكوو سەرچاوەكانی تیرۆر پێناسە دەكران، بەڵام دوای ئەوەی كە هەوڵی كوودەتایەكی سەربازی لە ١٥ی تەمووز شكستی هێنا، هاووڵاتیانی توركیە ئێستا فەتحوڵڵا گولەن بە مەترسیدارترین سەرچاوەی تیرۆر دەزانن.

هەروەها دەركەوتووە هاووڵاتییانی توركیە بە ڕێژەی پێویست دەنگ بە سیستەمی سەرۆكایەتی نادەن.

لە ڕاپرسییەكەدا باس لەوە كراوە، كە ئەگەر سیستەمی سەرۆكایەتی بخرێتە ریفراندۆمەوە، هاووڵاتیانی توركیە بە ئەرێنی پێشوازیی لێ ناكەن.

قادرهاس بڵاوی كردووەتەوە تەنیا ٣٥%ی هاووڵاتیانی توركیە بە بەڵێ دەنگ بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی دەدەن، بەو پێیە دەكرێ چاوەڕوان بین سەرەڕای هەوڵ و چاوەڕوانییەكانی ئەردۆغان و پارتی دەسەڵاتداری توركیە (ئاكپارتی)، سیستەمی توركیە بە پارلەمانی بمێنێتەوە.