کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە \"مەڕگەوەڕ\" و \"شنۆ\" پێشوازی لە ٢ی ڕێبەندان بەردەوامە

16:07 - 1 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی ڕاستەقينەی ڕیبازی دێموکرات لە شنۆ و ناوچەی مەڕگەوەڕ، بە بۆنەی پێشوازی لە ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی باوانی سەر بە ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ، بۆ چەندەمین جار ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و یادی ئەو ڕۆژە مێژووییەیان بەرز ڕاگرت.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە مەڕگەوەڕ، بە نووسینی دروشمی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ڕاسان و گرێدانی خەباتی شار و شاخ، ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، واتە حیزبی دێموکرات نوێ کردەوە.

هەروەها ئەویندارانی ڕیبازی پڕ لە سەروەريی حیزبی دێموکرات لە گۆندەکانی قڕووشاوێ و خاڵتاوێ و نەرزیوێی سەر بە شارە جوانەکەی شنۆ، بە نووسینی دروشمی تایبەت بە حیزبی دێمۆکرات و کۆماری کوردستان، پێشوازيیان لە ٢ی ڕێبەندان کرد.