کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵەکان باس لە خراپيی بارودۆخی زیندانییەکی کورد دەکەن

16:09 - 1 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: فیلمسازێکی کورد لە زیندانی ئێڤین، لە بارودۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، کەیوان کەریمی، فیلمسازی کورد کە لە بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە، تووشی نەخۆشی بووە و لە بارودۆخێکی مەترسیداردا بە سەر دەبات.

هەواڵدەری ناوەندی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاوی کردووەتەوە کە سیيەکانی ئەم زیندانیە کوردە تووشی ئاودزبوون و چڵکێکی زۆر بووە و هەروەها پزيشکانی زیندایش باسیان لە هەوکردنی بۆڕێیەکانی هەناسە و نەخۆشیی مێشکی ئێسقانەکانی ناوبراو کردووە.

هەروەها پزیشکانی زیندان بە دوای پشکنینی ئەم زیندانیيە کوردە ڕایانگەیاندووە کە؛ دەسبەجێ ناوبراو دەبێ بۆ نەخۆشخانە بگوازرێتەوە.

کەیوان کەریمی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی‌، بە دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی‌، بۆ لقی ١ی دادسەرای شەهید موقەدەس لە زیندانی ئێڤینی تاران، بانگ کرابوو و بۆ ماوەی یەک مانگیش بە شیوازی دەمەوڕوو لە زیندان ڕاگیڕاوە و لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی خۆی، وەکوو چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و چوونەدەرەوە و هەواخۆری بێبەش کرابوو.

سنووردار بوونی بەندی ٤ لەبواری هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانییەکان لە زیندانی ئێڤین،نەبوونی ئیمکاناتی بێهداشتی و هەروەها بێبەشبوونیان لە هەواخۆری و دابڕينی زیندانیان بۆ ماوەی درێژخایەن، دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشی و مەترسیيەک بۆ سەر زیندانیان سیاسی لەم بەندەدا.

ناوبراو پێشتر و لە ماوەی ١٠ساڵی ڕابردوودا بە هۆی بوونی گرێ لە لاقی ڕاستیدا، نەشتەرگەريی بۆ کراوە و هەر بەم هۆیەشەوە پزيشکانی زیندان و دەرەوەی زیندانیش، بڕیاریان بۆ هەناردنی ئەم زیندانیە بۆ نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ ناوبراو داوە، بەڵام تاکوو ئێستا لە لایەن کاربەدەستانی زیندانەوە هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە.

کەیوان کەریمی، پێشتر بە یەک سال زیندان و لێدانی ٢٢٣ قامچی، بە راگيران لە بەشی دابڕگەی زیندانی ئێڤین لە بەندی ٤ حوکم درابوو، بەڵام پاشان بە بەندی ٨ی ئەم زیندانە گوازراوەتەوە و حوکمی بەسەردا سەپاوە.

کەریمی، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا بە دوای بڵاوبوونەوەی فیلمی نووسین لەسەر شار لە یوتیوبدا، لە ماڵەکەیدا قۆڵبەست کراوە و بۆ ماوی ١٢ ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسی‌ ڕاگیراوە و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا ئەم دەرهێنەرە کوردە، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە هۆی دروستکردنی ئەم فیلمە، بە ٦ساڵ زیندان و لێدانی ٢٢٣ قامچی،حوکم دراوە و لە دادگای پێداچوونەوەشدا،حووکمی ساڵێک زیندانی تەعزیری و لێدانی ٢٢٣ قامچيی بەسەردا سەپاوە.

ناوەڕۆکی فیلمی ناوبراو، لەسەر ئەندامان و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران بەدژی ڕێژیم باس دەکات و ئەمەش بووتە هۆی دەستبەسەر كرانی لە لایەن ڕێژیمەوە.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە خستنی گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی و فەرهەنگی، بەر بە هەر چەشنە ئازادی دەربڕین دەگرێت و بە دڕندانەترین شێواز لەگەڵ چالاکان و ڕۆشنبیران هەڵسوکەوت دەکات.