کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٧١ ساڵەی كۆماری كوردستان لە سنوورەكانی ڕۆژهەڵات بەرز ڕاگیرا

19:18 - 1 رێبەندان 2716

كوردستان میدیا: بۆ دووهەمین ساڵ، خەباتگێڕانی مەتەرێزی شاخەكانی كوردستان، خانەخوێی بەڕێوەچوونی ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە سنوورەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج شەممە ٣٠ی بەفرانبار، ڕێوڕەسمێك بە بۆنەی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، بە بەشداریی كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستان ئێران دانیشتووی هەرێمی كوردستان، لە شاخە سنوورییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیئەی ڕەقیب و خولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕیگای ڕزگاریی كوردستان دەستی پێكرد.

دواتركەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران چەند وتەیەكی سەبارەت بە ڕۆڵی كۆماری كوردستان، لەو ڕێوڕەسمەدا پێشكەش بە بەشداربووان كرد.

كەریم پەرویزی لە وتەكانیدا ویِڕای ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوویی كۆماری كوردستان لە مێژووی بەرخۆدانی نەتەوەیی كورددا، ڕایگەیاند: ئێمە وەكوو حیزبی دێموكرات خۆمان بە درێژەدەری ڕێگای كۆماری كوردستان دەزانین و هەتا وەدیهێنانی ئاواتەكانی ئەو كۆمارە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، ئاماژەی بە قۆناغێكی دیكە لە خەباتی نوێی نەتەوەیی كورد لە ژێر ناویڕاسانی ڕۆژهەڵات كرد و پێویستیی درێژەدان بەو قۆناغە نوێیە لە خەباتی دووپات كردەوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی نەرێنی و دەستێوەردانەكانی ڕیژیمی ئێران لە ناوچەدا كرد و چەند وتەیەكی لەو پەیوەندییەدا پێشكەش بە بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە كرد.

كەریم پەرویزی لە كۆتایی وتەكانیدا ڕایگەیاند: بەرزڕاگرتنی یادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاخەكانی كوردستان نیشانەی ئیرادەی بەهێز و پۆڵایینی نەتەوەی كورد بۆ دامەزراندنی كۆماری كوردستانە كە بۆ وەدیهێنانی ئاواتەكانی ئەو كۆمارە خەبات دەكات.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، گرووپی موسیقای ڕاسان چەند سرودێكی حەماسییان پێشكەش كرد.

لە بەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدامامۆستا بێبەش پێشمەرگەی شاعێر، چەند پارچە هونراوەیەكی حەماسیی بە بۆنەی ٧١ ساڵەی دامەزرانی كۆماری كوردستان پێشكەش كرد.

دواتر، هونەرمەند جەلال شریت لەو ڕیوڕەسمەدا چەند گۆرانییەكی پێشكەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەكە كرد.

ئەو ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕكێی بەشداربووان پاش دوو كاتژمێر كۆتایی هات.