کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی ڕاسان لە سنە: وەکوو پێشمەرگەکانی شار پشتیوانی لە پێشمەرگەکانی شاخ دەکەین

16:39 - 3 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: لاوانی ڕاسان لە شاری سنە بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لاوانی ڕاسان لە شاری سنه، لە پەیامێکدا ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان لە هەموو خەڵکی کوردستان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی کرد.

لەو پەیامەدا لاوانی ڕاسان لە شاری سنە باسیان لە مێژووی پرشنگداری کۆماری کوردستان کرد و کۆماری کوردستانیان وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا باس کرد.

ئەو لاوە شۆڕشگێڕانە لە سەر درێژەی خەبات تا گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان جەختیان کردۆتەوە.

لەو پەیامەدا لاوانی ڕاسان باسیان لە خەباتی نوێی گەلی کورد لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە ڕەهەندە جۆراجۆرەکانییەوە کردووە و یەکگرتوویی خەباتی شاخ و شار یان بە هەنگاوێکی مەزن ناوزەد کردووە.

هەروەها لەو پەیامەدا هاتووە، دەسپێکی ئەو خەباتە بە فیداکاریی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە قەرەسەقەل، بۆڕیەر و کۆساڵان و دواتر لە موکریان بوو کە دوژمنی وەلەرزە خست.

لە کۆتاییدا ئەو لاوانە ڕایانگەیاندووە: ئێمە جارێکی دیکە لەگەڵ شەهیدانی ڕاسان و شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیمان نوێ دەکەینەوە و وەکوو پێشمەرگەی شار پشتیوانی له پێشمەرگەکانی شاخ دەکەین و بە دوژمنی خوێنڕێژ ڕادەگەیەنین که سنه و کوردستان بۆ دوژمن دەکەینە گۆڕستان و جەهەنەم.