کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو

17:13 - 3 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی قارەمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سنەی قارەمان، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەو ڕۆژەیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٧١ ـه‌مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری سنه بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەڕێوە چوو.

پاشان یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بەم بۆنەوە خوێندەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا، چەند کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەپێوەندی لەگەڵ مێژووی کۆماری کوردستان و ڕاسانی ڕۆژهەڵات وتەیەکیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات چەند پارچە شێعری بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا، فایلی دەنگیی لە وتە بەنرخەکانی شەهید دوکتور قاسملوو و چەند سروودی شۆڕشگێڕییان بە ناوەرۆکی ڕاسان کە لە لایەن کۆمیسۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادە کرابوو، بۆ بەشدارنی ڕێوڕەسمەکە بڵاو کردەوە.