کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو

18:55 - 3 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەرز ڕاگیڕا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ناوەندی ٣ی کوردستان و هەروەها میوانان، لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەرز ڕاگیڕا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان سدیق دەرویشی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا سروودێکی شۆڕشگێڕانە لەلایەن منداڵانی ناوەندی ٣ی کوردستان بە هاوکاریی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.

دواتر ژیلا موستەئجێر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی پێشکەش کرد.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمەوە ڕایگەیاند کە؛ لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی بەرز ڕاگرتنی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، شاعیر مامۆستا بێبەش پارچە شێعرێکی بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا سروودێکی دیکە لە لایەن منداڵانی ناوەندی ٣ پێشکەش کرا.

کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.