کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی یادی ٧١ ساڵەی کۆماری کوردستان لە واشینگتۆن بەڕێوە چوو

20:10 - 4 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئامریکا ڕێوڕەسمی بەرز ڕاگرتنی یادی ٧١ ساڵەی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی ٧١ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکان و کوردەکانی دانیشتووی دەڤەری واشێنگتۆن بەڕێوە برد.

ئەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی نوێنەرایەتی حیزبی لە ئامریکا پێشکەش بە ئامادە بوان کرد.

پاشان پەیامی هەریەک لە پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایەن جەلیل ئازادیخوازـەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا محەممەد داستان، پێشمەرگەی دێرینی حیزب بە پارچە پەخشانێک لە سەر ڕاسان بەشداری بەرنامەکە بوو و پاشان شاعیر و نووسەری کوردی نیشتەجێی ئامریکا ناسر باباخانی بە وتارێک ڕەهەندە جیاوازەکانی کۆماری کوردستانی شی کردەوە.
هەروەها هۆنراوەیەک لە لایەن دەریا عبدوڵڵا زادە پێشکەش کرا.

لە درێژەی بەرنامەکەدا ڕەحیم ڕەشیدی و محەممەد داستان بە بۆنەی بەشدارییان لە ڕاساندا لە لایەن کۆمیتەی حیزبەوە خەڵات کران کە ئەو خەڵاتانە لە لایەن جەماڵ عەبدوڵڵا زادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا و عوسمان پاڵانی بەرپرسی تەشکیلات، پێشکەش بەو بەڕێزانە کرا.

پاشان جەماڵ عەبدوڵڵازادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا وێڕای بەرز نرخاندنی بەشداریی ئەندامانی حیزب لە ڕاسان، ئامانجی کۆمیتەی بۆ پێشکەش کردنی ئەو خەڵاتانە شی کردەوە.

چەند برووسکەی پیرۆزبایی بە ڕێوڕەسمەکە گەیشتبوون کە بریتی بوون لە:
ـ نوینەرایەتی هەرێمی کوردستان
- یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کورستان
-پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان
- سازمانی فیمینیستی کورد لە ئامریکا
-کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لقی ئامریکا

لە برگەی کۆتایی ئەو بەرنامەیەدا ئاهەنگی شایی و هەڵپەرکێ بە دەنگی هونەرمەند فواد تا کۆتاییەکانی شەو بە بەشداری کوردەکانی دانیشتووی دەڤەری واشینگتۆن بەڕێوە چوو.