کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی کۆماری کوردستان لە وڵاتی سوید بەرز ڕاگیرا

20:15 - 4 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٧١ـه‌مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان و هەروەها قۆناغێکی نوێ لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی ڕاسان، لە شاری یوتۆبۆری سێمینارێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، یادی ٢ی ڕێبەندان، ٧١ـه‌مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، شاری یوتۆبوری، بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بەهاوکاریی ڕێکخراوی یەکیەتیی کوردان و ئابی ئێف، سێمینارێک بە کۆڕگێریی سدیق بابایی ئەندامی پێشووی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و چالاکی سیاسی بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و پاشان خولەکێک بێده‌نگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئەنوەر مەحموودزادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری یوتوبۆری پێشکەش کرا.

سێمینارەکە لە دو تەوەری جیاوازدا بەڕێوە چوو، لە تەوەری یەکەمدا سدیق بابایی باسەکانی خۆی لە دوو بەشدا پێشکەش کرد.

بەشی یەکەم باسێک بوو لەسەر مێژووی پێش کۆمار و دروستبوونی کۆمەڵەی ژـ کاف و دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پاشان ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان.

هەروەها ناوبراو لایەنە بەهێز و لاوازەکانی کۆمار لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی باس کرد و سەبارەت بە هەلومەرجی تایبەت بە دامەزرانی کۆماری کوردستان بۆ بەشداربووان دوا.

دواتر ناوبراو بە ئاوردانەوەیەک لە پێناسەی مۆدێڕنی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان وەک خاڵێکی گرینگ لەهەمبەر پرسی شوناسی نەتەوەیی و پرسی ئیرادەی سیاسیی نەتەوەکەمان لە پێناو مافی دیاریکردنی چارەنووسی خستە بەر باس و توێژینەوە.

لە بەشی دووهەمی باسەکەدا بابایی زۆر بە وردی باسی ئەم قۆناغە نوێیەی حیزبی دێموکرات لە ژێر ناوی ڕاسان ی کرد و بە ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی گرێدراو بە وەسیەتنامەی پێشەوای نەمر پێناسەی کرد.

لەو سێمینارەدا، لایەنە سیاسییە بەشداربووەکان بە ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی بە بۆنەی ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان، ٧١ـه‌مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئەم یادەیان بەرز و پیرۆز نرخاند.

لە کۆتایی ئەو سێمینارەدا بەشدارانی سێمینارەکە ڕا و بۆچوونی خۆیان پێشکەش کرد.