کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان له وڵاتی دانمارک بەڕیوەچوو

20:20 - 4 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان له شاری کۆپێنهاگی وڵاتی دانمارک سێمینارێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، سێمینارێکی هاوبەش لە لایەن کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی کوردستان ـ باکوور، بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو.

لەو سێمینارەدا مەسعوود تەک سەرۆکی گشتیی پارتی سوسیالیستی کوردستان و سلێمان کەڵەشی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک، هەرکامە باسێکی گرینگیان پێشکەش کرد.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لەو سێمینارەدا نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشدارییان کردبوو.

سەرەتا سلێمان کەڵەشی باسێکی لە سەر پێکهاتنی حیزبێکی مۆدێڕن و بە بەرنامەی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە یەکەم هەنگاوی کار بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و بە فێڕۆ نەدانی دەرفەتی گونجاوی ئەوکات بووە کە ئەوەش نیشانەی خوێندنەوەیەکی لۆژیکی و ژیرانەی حیزب و پێشەوا زانا و بلیمەتەکەی بوو.

ناوبراو باسی لاوازیی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئاکامی داگیرکردنی باشوور و باکووری ئێران لە لایەن هاوپەیمانانەوە کرد کە لەژێر کاریگەریی ئەو وەزعەدا لە ناوچەکانی موکریان و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەکردەوە نیزامی حاکم دەسەڵاتی نەمابوو و بۆشاییەک هاتبووە ئاراوە.

هەروەها پێکهاتنی کۆماری ئازەربایجان وەک دراوسێی کوردستان یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە بوو.

کەڵەشی باسی لە خەباتی قۆناغەکانی دوای کۆماری کوردستان کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئیدامەیان پێداوە و تا دەگاتە گرینگی و گەورەیی ڕاسانی ئێستای کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە درێژەدەری ڕێگای کۆماری کوردستانن.

کەڵەشی پێداگریی لەسەر هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی بزووتنەوەی کورد کردەوە و ڕایگەیاند؛ ئێمە پێویستیمان بە یەکخستنی هێزی کوردە.

پاشان مەسعوود تەک سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان باسەکەی خۆی پێشکەش کرد.

مەسعوود تەک باسێکی کورتی لە سەر درەوشاوەیی کۆماری کوردستان لە مێژووی نەتەوەی کورد و ڕۆڵی بێ هاوتای ئەوکاتی حیزبی دێموکرات و پێشەوا قازی محەممەد پێشکەش کرد و پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە بەشداران کرد.

لە بەشی دووهەمدا مەسعوود تەک لێکدانەوەیەکی وردی لە سەر دۆخی ئێستای کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و هاتنە ئارای داعش وەک توخمێک کە بووە هۆکاری هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر کورد و دواجار ئاکامی ئەو هەڕەشەیە بووە هۆکاری پەنا بردن بۆ لێک نیزیک بوونەوە.

هەروەها مەسعوود تەک هاتە سەر باسی مەرزبەندییەکان و ڕەوتە سیاسی و نیزامییەکانی ناوچە و جیهان لە دوای هاتنی دیاردەی نگریسی داعش و پێداگریی لە سەر هەرچی زیاتری یەکڕیزیی کورد کردەوە و گەشبینیی خۆی لە دۆخی باشوور کە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێ هێنایە زمان و ڕایگەیاند کە؛ ئەوەش هەمان پەیامی کۆمار و پێشەوایە کە خەریکە دەبێتەوە واقیعیەت. پارتی سۆسیالیست پشتگیریی هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان لە پێناو سەربەخۆییدا دەکات .

لە سەر ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات مەسعوود تەک ڕایگەیاند: ئێمە وەک حیزبێکی دۆستی حیزبی دێموکرات، هەر لە سەرەتاوە پشتگیریی ڕاسانمان کردووە و بەپێی ئیمکانی خۆمان پشتگیری دەکەین و بە هەنگاوێکی ئەرێنیی دەبینین.

ناوبراو لە سەر دۆخی ڕۆژئاوا گەش بین نەبوو و گوتی؛ بەو دۆخەی کە هەیە و پرش و بڵاوی لەو بەشەی کوردستان نیگەرانین و بەتایبەتی ڕەخنەی لە تاکڕەوییەکانی لایەنی دەسەڵاتداری ڕۆژئاوا گرت.

ناوبراو گوتیشی؛ دۆخی باکوور تەواو لەژێر فشاری حیزبی دەسەڵاتداردایە. حیزب و لایەنە کوردییەکان پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی جیدی و یەکگرتوویانە هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم دۆخە. لە داهاتوودا پێویستیمان بە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی بزووتنەوەی کورد هەیە.

باکووری کوردستان ئێستا لەگەڵ هێرشێکی هەمەلایەنە ڕووبەڕوویە و کەس لە ئەمنیەتی خۆی دڵنیا نیە و سیاسییەکان دەگیرێن، دەنگی خەڵک کپ کراوەتەوە. ئەو خەڵکە هەمان خەڵکی دوێنێیە، بەڵام بۆ وەدەنگ نایە! کە ئەوەش هۆکارەکەی هەر لایەنی کوردی خۆیەتی.

بەخۆشییەوە چەند لایەنی سیاسیی باکوور خەریکی دۆزینەوەی بەدیلێکن کە بە قازانجی بزووتنەوەی باکووری کوردستان بێ. هەروەها باسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان یەکێک بوو لە باسەکانی بەڕیز تەک.

سێمنارەکە بە پرسیار و وڵامی بەشداربووان کۆتایی پێهات.