کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان ٧١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی سوویس بەڕێوەچوو

20:29 - 4 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: ٧١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی سوویس بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری بیل لە وڵاتی سوویس، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بیدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان حەمید چووپانی بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، وتەیەکی کورتی بە ناوی کۆمیتەی حیزبەوە پێشکەش بە بەشداران کرد.

دواتر لە لایەن کامران ڕەسووڵی بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس وتارێک پێشکەشی بەشدارن کرا.

ڕەسووڵی لە سەرەتای وتارەکەیدا وێڕای بەرز نرخاندنی ئەو ڕۆژە گوتی:
هەڕچەند سەبارەت بە کۆمار و تایبەتمەندییەکانی زۆر گوتراوە و نوسراوە، بەڵام پەیام و دەستکەوتەکانی کۆمار هێندە گەورەن و ئەوەندە زۆرن کە هێشتا پێویست دەکات هەرکات و هەرسات ئاوڕی لێ‌بدەینەوە.

گەورەییەک کە نەوەکانی ئیمرۆ کە کۆماریان بە چاوی خۆیان نەدیوە، هێشتا بە شانازییەوە باس لە کۆمار و دەستکەوتەکانی دەکەن.

کامران ڕەسووڵی لە دریژەی قسەکانی وتی؛ پاش زیاتر لە ٧٠ ساڵ هەتا ئێستاش پلانی سەرکوت و زەبروزەنگی نەیارانمان دژ بە گەلی کورد هەروا بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، بە جیاوازییەک کە مخابن ئێستا سەرکوت لە وڵاتەکەمان لە ژێر ناوی پیرۆزی ئیسلامدا بەڕیوەدەچێت و بوونەتە سەرچاوەی هەموو جۆرە ستەم و چەوسانەوە و پێشێل کردنی مافەکانی نەتەوەکەمان.

ڕەسووڵی هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەپێوەندی لەگەڵ دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵات گوتی:
وەک دەزانن لە نەورۆزی ئەمساڵدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتێکی نۆی و فرە ڕەهەندی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی ڕاساندا ڕاگەیاند. پەیامی ڕاسان ئەوەیە کە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکات، بە ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و کرێکار و خوێندکار و پیر و لاو و ژن و پیاو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر کەس لە شوینی خۆی و لە پێگەی خۆیەوە بۆ پشتیوانی لە ڕاسان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەنگاویی جیدی هەڵبگرن.
ڕاسان پڕۆژەیەکی هەمەلایەنە و فەرە ڕەهەندە کە هەموو توانایەکان لە خۆیدا جێ دەکاتەوە و ئەگەر پشتیوانیی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان نەبێت نەک ڕاسان، بەڵکوو هیچ هەنگاویک بەرەو پێش ناچێت.

بە دوای ئەوەدا پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کورستانی ئێران لە لایەن شۆڕش ئەحمەد هەمزەەوە پێشکەش بە بەشداران کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا ساشان ئێرنێست بەرپرس لە ڕێکخراوێ ئا ڤا سێ ی سوویس وتارێکی پێشکەش کرد.

پاشان پارچە هۆنراوەیەک لە لایەن لۆقمان ماماڵ نژادەوە پێشکەش کرا.

بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کە بە بەشداریی هەردوو هونەرمەند میکائیل و ئەرسەلان جودەت ڕێوڕەسمەکە ڕازێندرابووەوە.

لەم ڕێوڕەسمەدا ئەم حیزب و ڕێکخراوانە پەیامی پیرۆزباییان ناردبوو:
ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ حیزبی شیوعی کوردستان
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ـ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریەENKS
ـ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد لە سوریە