کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوونی ئێران وتووێژەکانی ئاستانە لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەکات

15:44 - 5 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: خولی یەکەمی وتووێژەکانی ئاشتی لە ئاستانەی قەزاقستان بێ ئاکام کۆتایی هات و لایەنەکانی بەشدار بەردەوام یەکتریان بە تێرۆریست تۆمەتبار دەکرد.

پاش کۆتایی هاتنی بێ ئەنجامی دانیشتنی یەکەمی ئاستانە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندان بە ئامادەبوونی ستێفان دێموسترا نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریە، لایەنە سەرەکییەکانی ئەم وتووێژە واتە حکومەتی ئەسەد و نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریە کۆببنەوە.

ئۆپۆزسیۆنی سوریە کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە تاوانباری سەرەکی قەیرانە مرۆییەکانی سوریە زانی و بەم هۆیەشەوە ڕایگەیاندووە تاران ناتوانێ لایەنێک بێت کە گەرەنتی بۆ ئاگربەس بدات بۆیە نابێ بەشداری کۆبوونەوەی ٢ لایەنەی سوریە و ئۆپۆزسیۆن بێت.

نوێنەری لایەنە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئەسەد ڕایانگەیاندووە بۆ پێکانی ٢ ئامانج هاتوونەتە ئاستانە: یەکەمیان وەڕێخستنی ئاگربەسێکی سەقامگرتوو، دووهەمیشیان کەمکردنەوە و نەهێشتنی دزە و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە سوریە.

لایەنی ئۆپۆزسیۆنی بەشدار لەم دانیشتنە بە فەرمی ڕایگەیاندووە: بوونی ئێران وتووێژەکانی ئاستانە لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەکات.

لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریە بەڕێوەچوون، بەڵام هەموویان بێئەنجام بوون.

لەم کۆبوونەوانەدا ٣ کەسایەتی کوردیش بەشدارن کە بریتین لە: ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە، عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و ئەندامی سەرکردایەتی ئەنەكەسە، لەگەڵ پارێزەر دەروێش میرکان.