کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢ی ڕێبەندان یەکەمین کۆماری کوردستان لە وڵاتی سۆئێد بەرز ڕاگیرا

20:35 - 5 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: لە شاری ستۆکهۆڵم، پێتەختی وڵاتی سۆئێد ڕێوڕەسمی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، یادی ٢ی ڕێبەندان لە ساڵۆنی سۆلنا لە پێتەختی وڵاتی سۆئێد بە شکۆیەکی گەورە و بە بەشداری بەرچاوی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و ئۆگرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.

پاش خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان داوا لە هاوڕێی تێکۆشەر و ماندوونەناس مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتخاریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات کرا کە لە ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان‌ی ئەمساڵی سۆئێددا وتەکانی پێشکەش بکات.

مامۆستا مەلا حەسەن سەرەتا باسی لە گرینگیی ئاڵای کۆمار کرد و وتی: ئاڵا وەک ڕەمزی سەروەریی نەتەوەییی دوو لێدوانی تا ڕادەیەک جیاواز لە سەر سیماکەی بە دی دەکرێت، یەکێکیان پەیامی ئاشتی، ئازادی و سەربەخۆیی بۆ میللەتانی ژێردەست و ئازادیخوازان دەنێرێتەوە و ئەویتر ڕق و توڕەیی و نامۆیی بەرامبەر بە ئەو هەموو قەراردانە دەردەبڕێ کە تا ئێستا بۆ تواندنەوەی میللەتی کورد لە مێژوودا بەستراون؛ خۆزگەشی خواست کە سێبەری ئەو ئاڵایە بخرایە سەر سەری کچ و کۆڕانی نێو سەنگەری ڕۆژهەلات و باقی بەشەکانی کوردستان.

شیوەسەڵی پێی وابوو لە ٧١ـەمین ساڵڕۆژی ئاڵادا پێویستە ڕێزی زیاتر لە ئاڵا و کۆماری کوردستان بگیردرێت. چوونکە کۆماری کوردستان ڕۆئیای زۆر شیرینی بۆ کورد دیتوون و خەونی زۆر شیرینی بۆ کورد هەبووە کە ڕزگاریی کوردستان و وەسەر یەکخستنەوەی وڵاتی کوردان بووە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە تا ئێستاش گەلی کورد نەیتوانیوە سەربەخۆیی بەدەست بێنی و فێدڕاڵیەتێکی بێ دەردیسەر بۆ ‌هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان دەستەبەر بکات.

لەو پێوەندییەدا مامۆستا شیوەسەڵی باشووری کوردستانی وەک نموونە هێنایەوە و به نوختەیەکی زۆر حەساسی زانی و چووە نێو وردەکاریی باشووری کوردستان و لەو پێوەندییەدا داخی دەربڕی لەگەل هەموو گرینگیەکی کە باشوور هەیەتی ئیشارەی بە ئەوە کرد کە باشووری کوردستان نەک هەر ڕێزی لێ ناگیردرێت بەڵکوو بەردەوام کۆسپ و لەمپەری زۆری لە بەردەم دروست دەکرێت.

شیوەسەڵی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەو ئاڵوگۆڕانە کرد، بە قودسیەت و پاکی کۆماری کوردستان کرد و ڕایگەیاندکە لە کۆماردا ڕێگا نەدرا کە پووچەڵی و گەندەڵی جیگیر ببێ و لەو پێوەندییەدا پێویستە دەرسیان لێ وەرگیردرێت.

پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە لایەن کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتە لە وڵاتی سۆئێد خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو: ٧١ ساڵ پێش ئێستا ڕێبه‌رانی هه‌ڵکوتوو و بژارده‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان بۆ هاتنه‌ده‌ر لەژێر سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌رئه‌نجام به‌ ده‌سته‌وه‌گرتنی مافی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی حیزبی دێموکراتیان دامه‌زراند و ئه‌و حیزبه‌ش چه‌ند مانگ پاش دامه‌زراندنی خۆی له‌ که‌ش و هه‌وای ڕه‌خساوی ئەو‌سادا بێ دردۆنگی و دڵه‌ڕاوکێ ئازایانه‌ وبوێرانه‌ کۆماری کوردستانیان له‌ شاری مه‌هاباد ڕاگه‌یاند.

لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەدا هاتبوو، جێگای سه‌رسووڕمانه‌ لە نەورۆزی ئەمساڵدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران ڕاسانی راگەیاند هەندێک کەس و لایەن لە باتی ئەوە پشتیوانی لە ڕاسان بکەن و ببنە پاڵپشتی، خەریکی ئەوەن بزانن چۆن کۆسپ لە بەردەم ڕاسانی میللەتێک کە ساڵەهای ساڵه چاوەڕۆانی حەرەکەتیکی لەو چەشنە بووە، دروست بکەن و بە هەر شێوەیەکی مومکین ئەم جموجۆڵە کە کۆشکی ولایەتی فەقیهی وەلەرزە خست کەم بایەخ ناودێر بکەن.

کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی سیاسی پەیام و بروسکەی پیرۆزباییان به بۆنەی ٢ی ڕێبەندان بۆ ئەم ڕێوڕەسمە ناردبوو کە بریتین لە:

ـ بروسکەی پیرۆزبایی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ـ بروسکەی پیرۆزبایی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ بروسکەی پیرۆزبایی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ بروسکەی حیزبی شیوعی کوردستان
ـ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی
ـ پەیامی فێدراسیونی کومەڵە کوردستانییەکان لە سۆئێد
ـ پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان
ـ بروسکەی پیرۆزبایی پارتی ئازادی کوردستان
ـ بروسکەی ڕێکخراوی دێموکراتی یارسان
ـ بروسکەی پیرۆزبایی کۆمەڵەی سپونگا ڕادیو ئاشتی
ـ پەیامی سوسیال دێموکراتەکانی سۆئێد لە لایەن مارگارەتیا تێگنر
ـ پەیامی مودراتەکانی سۆئێد لە لایەن مارگارێتا سیدیرفەلت
ـ پەیامی پارتی گەل لە لایەن فرێدریک ماڵم دۆستی کورد
- پەیامی هاوبەشیی یەکیەتیەکانی لاوان، ژنان و ناوەندی یەکیەتیی کوردان
- بروسکەی پیرۆزبایی کۆمەڵە حیزبی کۆمونیستی ئێران
- بروسکەی پیرۆزبایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- بروسکەی پیرۆزبایی پارتی سوسیالیستی کوردستان، پ س ک لە باکوور
- بروسکەی پیرۆزبایی پارتی سوسیالیست دێموکراتی کوردستان

ئەم ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.