کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ یاسایەکی کاتی لەدژی ئێران واژۆ دەکات

16:35 - 6 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: دۆناڵد تڕامپ یاسایەکی کاتی واژۆ دەکات کە بەهۆیەوە تاکوو کاتی تاوتوێ و پێداچوونەوە بەسەر یاساکانی پێوەندیدار بە وەرگرتنی پەنابەر ویزا بە هاووڵاتییانی ئێرانی و چەند وڵاتێکی نادرێت.

هەواڵدەرییەکانی ڕۆیتێرز و ئاسۆشیتێدپرێس بڵاویان کردەوە؛ ڕێکەوتی ٢٥ی ژانویە سەرکۆماری نوێی ئامریکا یاسایەک واژۆ دەکات کە تێیدا جگە لەو کەمینە مەزهەبییانە کە کەوتوونەتە ژێر گووشار و ڕاوەدوونان ویزا بە هاووڵاتییانی ئاسایی ئێران، سوریە، عێراق، یەمەن، سودان، لیبی و سومالی نادرێت.

بەپێی شڕۆڤەی بەشێک لە کارناسان، ئەم هەوڵەی تڕامپ لەڕاستای ڕێگری کردن لە تێخزاندنی تێرۆریستان بۆ وڵاتی ئامریکایە.

ڕێکەوتی ٢٤ی ژانویەش وتەبێژی کۆشکی سپی، شان سپایسێر وتبووی: وەزارەتی دەرەوە و ئەمنیەتی نێوخۆیی ئامریکا لە داهاتوویەکی نیزیکدا و پاش هاتنە سەرکاری ڕێکس تیلێرسۆن وەزیری نوێی کاروباری دەرەوە کۆمەڵێک یاسای نوێ لەمەڕ وەرگرتنی پەنابەر دەخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

دۆناڵد تڕامپ لەکاتی بانگەشەکانی کاتی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو کە پێداچوونەوەی جیددی بەسەر ئەم یاسایانەدا دەکات؛ یەکێکی دیکە لە بەڵێنییەکانی ناوبراو پیداچوونەوە بەسەر ڕیککەوتن نامەی ناوکی ڕێژیمی تاران بوو کە بە پەڵەی ڕەش لە مێژووی ئامریکا ناوی لێ بردبوو.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش تڕامپ وادەی چوونەدەر لە بەڵێن نامەی بازرگانی ئۆقیانووسی هێمنی بردە سەر کە لە ساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن ئۆباماوە واژۆ کرابوو.