کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاخوند مەکارم شیرازی قسەیەکی نەستەقی دیکەی خستە بازاڕەوە

14:37 - 8 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی قسە نەستەقەکانی ئاخوندی بەناوبانگی ڕێژیم، مەکارم شیرازی، ئەمجارەیان ناوبراو پەرەسەندنی دیجیتاڵ میدیای بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ناوزەد کردووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، مەکارمی شیرازی کە یەکێکە لە مەرجەع تەقلیدەکانی شیعە لە قۆم وتوویەتی: خەبات لەدژی فەزای مەجازی و دیجیتاڵ میدیا کارێکی ئەستەمە، لە هەمان کاتیشدا پەرەسەندنی دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی.

ئەمە یەکەمجار نییە کە کاربەدەستانی ڕێژیم بەمشێوەیە بەرامبەر بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەگشتی فەزای مەجازی هەڵوێست دەگرن؛ پیشتریش عەلی خامنەیی وتبووی: فەزای مەجازی گۆڕەپانی شەڕە کە تێیدا گومانی دینی دروست دەکرێت بۆیە پێویستە ڕوحانییەکان خۆیان بخزێننە نێو ئەم گۆڕەپانەشەوە!

لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان هاووڵاتی لە ئێران بەتۆمەتی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ، وێبلاگ یان چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن پۆلیسی ناسراو بە سایبێری دەستبەسەر کراون یان ناچار کراون وڵات بەجێ بهێڵن.

لە پووشپەڕی ڕابردووشدا وەزیری ئیرشادی ڕێژیم هۆشداری دابوو کە دەبێ هەرچی زووتر خۆمان لە دنیای مەجازیدا زەق بکەینەوە دەنا لاوەکانمان بەلاڕێدا دەبرێن!

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم هەنووکە نیزیک بە ٧٠%ی خەڵکی ئێران کەڵک لە ئینتێرنێت و دنیای مەجازی وەردەگرن کە بەشی هەرە زۆریان کەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرن.

مەکارم شیرازی لە کاتێکدا دنیای مەجازی بە هۆکاری پەرەسەندنی گەندەڵییەکان دەزانێ کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێونەتەوەیی ئێران پلەی ١٣١ی جیهانی لەباری گەندەڵییەوە بۆخۆی دەستەبەر کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئێران هاوتەریب لەگەڵ ڕوسیە و قەزاقستان لەباری شەفافیەتەوە لە ئاستێکی خراپ و مەترسیداردایە کە تێیدا بۆ دەستڕاگەیشتن بە قازانجە ماددی و تاکەکەسییەکان کەڵکاژۆ لە پێگەی سیاسی و دەوڵەتی ئەنجام دەدرێت، واتە کەسانی خاوەن دەسەڵات لە لووتکەی چالاکییە گەندەڵییەکاندان.