کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترێزا مێی سەبارەت بە ئێران هۆشداری بە ترامپ دا

15:02 - 9 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی هۆشداری جیددی بە دۆناڵد ترامپ دا.

ئەم چاوپێکەوتنە کە یەکەم چاوپێکەوتنی ترامپ لەگەڵ ڕێبەری وڵاتێکی ڕۆژئاواییە، دوێنێ هەینی ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان ئەنجامدرا کە تێیدا ترێزا مێی لە شاری فیلادێلفیا، ڕوو لە دۆناڵد ترامپ و سەرجەم کۆماریخوازەکانی ئامریکا وتی: دەبێ زۆر بە وریاییەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا مامەڵە بکەین، چوونکە ئێران دەیهەوێ بیاڤی دەسەڵات و تەڕاتێنی خۆی لە ناوچەدا پەرە پێبدات.

بە وتەی ناوبراو، کۆماری ئیسلامی بەنیازی درووست کردنی هیلالی دەسەڵات لە تارانەوە تاکوو زەریای مەدیتەرانەیە و ئێمە نابێ ئیزن بەو کارە بدەین.

مێی هەروەها وتی: دەبێ زۆر ئاگامان لە دزە و نفووزی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بێت، چوونکە ئێرانییەکان نفوزێکی خراپیان هەیە و ئێمە وەک بریتانیا هاوتەنیشت لەگەڵ وڵاتی هاوپەیمان و دۆست، ئامریکا، ئامادەین لەدژی ئەم نفووزە بوەستینەوە.

ئەمە دووهەم جارە کە مێی سەبارەت بە ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچە هۆشداری دەدات؛ پێشتریش لە سەرماوەزی ئەمساڵدا ناوبراو لە بەحرەین و لە دانیشتنی شۆرای هاوکارییەکانی کەنداو پێداگری کردبۆوە کە کۆماری ئیسلامی نەخشێکی نەرێنی لە ناوچەدا دەگێڕێ کە درێژەکێشانی ئەم سیاسەتە لەلایەن ئێمەوە قبوڵ ناکرێت.

سەرۆک وەزیرانی بریتانیا سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی ناوکییش وتی: پێویستە بەرجام زۆر بە وردی جێبەجێ بکرێت و ئەگەر لە کاتی جێبەجێ کردنیدا کێشەیەک بێتە پێشەوە دەبێ زۆر بە جیددی بەرخوردی لەگەڵ بکرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە دۆناڵد ترامپ لە یەکەم چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیی خۆیدا ڕوو لە کۆماری ئیسلامی وتی: ئێمە باس لە بژاردەی نیزامی ناکەین، بەڵکوو بە کردەیی دەکەین.

ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندان بۆ یەکەمجار و پاش سوێندخواردنی سەرکۆماری، دۆناڵد ترامپ چاوپێکەوتنی ئەنجام دا و لە وتووێژ لەگەل کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەی بی سی ئامریکادا پڕژایە سەر کێشەکانی ئێران و وتی: هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ناوبراو لەم چاوپێکەوتنەدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە لێپرسراوانی پێشووی وڵاتەکەی وتی: ئامریکا عێراقی لە قازانجی ئێران چۆڵ کرد و ئێستا ئێرانییەکان و داعش لەوێدا تەڕاتێن دەکەن؛ ئەمە هەڵەی ئێمە بووە کە عێراقمان ڕادەستی ئێران کردووە.