کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە نەغەدە کۆچی دوایی کرد

16:01 - 9 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: مام قادر قەلەندەری باوکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگایی کوردستان لە شاری نەغەدە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۸ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ی هەتاوی، مام قادر قەلەندەری خەڵکی شاری نەغەدە، باوکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، شەهیدان ئەسعەد قەلەندەری و خالید قەلەندەری لە تەمەنی ۸٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مام قادر کەسێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار به ڕێبازی کوڕەکانی و حیزبی دێموکرات مایەوە.

مام قادر هەر لە سەرەتای جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵات وەکوو شۆرای دێموکرات دەستی بە تێکۆشان کرد و ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە ئاکامی کردەوەیەکی تێرۆریستیی ڕێژیمی کۆماری ئاخۆندی، لە نێوان دیانان و خەلیفان لە باشووری کوردستان بەسەختی بریندار بوو.

تەرمی مام قادر لە نێو ڕێز و حورمەتی خەڵکی شاری نەغەدە لە گوندی حەڵبێ کۆئیکان لە تەنیشت گڵکۆی شەهید خالید و هاوسەرەکەی دایە زارا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو، خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.