کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەیەکی خۆمانە لەگەڵ بەڕێز کاک عومەر ئیلخانیزادە

16:35 - 9 رێبەندان 2716

کەریم پەرویزی

کاک عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا کە چەند ڕۆژ پێش و لە سەرەتاکانی مانگی ڕێبەنداندا بڵاوبۆتەوە، باس لە بەرەی کوردستان و گرفتەکانی سەر ڕێگای دەکا.

لەو وتووێژەدا، پێشکەشکاری وتووێژەکە کاک عومەر بەرەو شوێنێک دەبا کە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەوەی کە پێشکەشکاری بەرنامە حەزی لێیە، لە زمانی کاک عومەرەوە بێتە دەر و بەڕێز کاک عومەریش بەدوایدا دەڕوا و دەڵێ کە؛ بەرەی کوردستانی بە هۆی پاوانخوازیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پەکی کەوتووە و پێک نایەت.

وێڕای ڕێز بۆ کاک عومەر، ئەم وتەیەیان تەنیا و تەنیا چەواشەکردنی ڕای خەڵکی کوردە و هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە دیار نیە لە چیەوە سەرچاوە دەگرێ. دەنا هەم خودی کاک عومەر و هەم هەموو ڕای سیاسیی کوردستانی و هەم ئەندامانی هەموو حیزبەکانی کوردستان بە باشی ئاگاداری دۆخی ئاڵۆزی حیزبایەتی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش هەن و ئەوەی کە هەموو گرفتەکان بە تەنیا و تەنیا بە یەک حیزبەوە ببەستیتەوە، هەم لە ناسیاسی بوون و هەم لە گرێیەک بەرامبەر بەو حیزبەوە سەرچاوە دەگرێ.

کێیە کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ئاگاداری دۆخی شپرزی ئینشعاب و لێکدابڕانەکان نەبێ؟

ساڵانێکی زۆرە کە هەوڵی پێکهێنانی چەتری هاوبەشی کاری سیاسی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدرێ و قۆناغ بە قۆناغ لەباتی نزیکبوونەوە لە مەبەست، لێی دوورکەوتووینەتەوە. هەرجارە کە باسەکانی پێکهاتنی بەرە جیددیتر بووە، لە ناکاو ئینشعابێک لە ڕێکخراوێکدا پێکهێنراوە.

خۆ سەردەمانێک لە حیزبی دێموکراتدا ئینشعاب ڕووی نەدابوو و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش تازە لە کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران جیاببووەوە و دوای چەند کۆبوونەوە و هەوڵی ئەمبەر و ئەوبەر، لە دوایین دانیشتندا، کە لە هەولێر بە سەرپەرستیی بەڕێز سامان شاڵی قەرار بوو بگیرێ، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کە خودی کاک عومەریش ئەوکات لەگەڵ ئەو حیزبە بوو و ئەندامی دەفتەری سیاسیی بوو، بەشدار نەبوو و لەو قۆناغەدا شکستی بە هەوڵەکان دا.

لە قۆناغی دیکە و چەند ساڵ دواتردا، کە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێر و دوو حیزبی دیکە هەوڵی پێکهێنانی چەتری هاوبەشیان دا، خۆ خودی کاک عومەر ئاگادارە کە حیزبی دێموکرات هیچ مەرجێکی لە سەر ڕێی پێکهێنانی بەرە نەبوو و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەگەڵ ڕێکخراوی دیکە سەبارەت بە بەشداری و بەشداری نەکردنی ڕێکخراوێک کێشەیان هەبوو و باش وەبیریانە کە بۆچی شکستیان بە ئەو هەوڵەش هێنا و حیزبی دێموکرات هیچ ڕۆڵێکی لە تێکچوونی ئەو قۆناغەشدا نەبوو.
بە دوای ئەو بڕگەیەشدا، قۆناغێکی دیکە لە ئینشعابەکان دەستی پێ کردەوە و ڕێكخراوەکەی کاک عومەر لە کۆمەڵەی شۆڕشگێر جیا بۆوە و ئینشعاب لە ڕێکخراوی دیکەش پێکهات.

لەو کاتەوەش هەر ڕێکخراوێک سیاسەتی تایبەتی خۆی هەبووە و هەر جارە و نێوانی ڕێکخراوێک لەگەڵ ڕێکخراوێکی دیکە تێکچووە یان لێک نزیک بوونەتەوە و سیمای سیاسیی ئەم چەند ساڵەی دوایی بریتی بووە لە ئاڵوگۆڕی نزیکی و دووریی حیزب و ڕێکخراوەکان و لەو نێوەشدا تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە کە بەربەرە لە هەموو ڕێکخراوەکان نزیک بۆتەوە و هەوڵی کەمکردنەوەی کێشەکان و نزیکبوونەوەی لە هەموو ڕێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داوە.

ئینشعابیەکان، لە پیناوی یەکڕیزیدا ئینشعاب دەکەن!

نازانم لە نێو نەتەوەکانی دیکەشدا وا بێ یان نە؟ ئەوانەی دونیایان دیوە دەتوانن یارمەتیدەرم بن، بەڵام ئەوەی لە نێو نەتەوەی خۆماندا بینیومە، لە هەموو ڕێکخراوەکاندا بە بێ هیچ جیاوازییەک، هەر گرووپ و ڕێکخراوێک کە لە حیزب و ڕێکخراوێک جودا بووبێتەوە، لە ڕاگەیەندراوی ئینشعابەکەیدا هێناویەتی کە هەوڵ بۆ یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد و تەبایی و دۆستایەتیی هەموو ڕێکخراوەکان دەدا! نازانم بە ئینشعاب چۆن دەکرێ کە حیزب و ڕێکخراوەکان یەکڕیز بکرێن؟! ئەوەندی تێگەیشتبم ئینشعاب بریتیە لە قبووڵ نەکردنی یەکتر و چاندنی تۆوی دووبەرەکی و پەرتەوازەیی و دوورخستنەوەی دەستەکان و ڕووخاندنی ورە و هیواکان. ئەوەی کە زیاتر لە هەموو کەس یەکڕیزیی کورد و پێکەوەبوونی بۆ گرینگە، دەبێ زیاتر لە هەموان ئامادەیی خۆبەختکردنی هەبێ و لە خۆیەوە دەست پێ بکا و لەبەرانبەر دۆست و هاوڕێ و هاوسەنگەرە دێرینەکانیدا بۆیان دابشکێنێتەوە و یەکڕیزیی کورد لە کۆتایی هێنان بە پرۆسەی ئینشعاب و وەسەریەکخستنەوەی ڕیزی هێزەکانەوە دەست پێدەکا. ئەوەی زیاتر لە هەموو کەس پەرۆشی بەرە و چەتری هاوبەشی کاری سیاسییە لە کوردستان، با زیاتر لە هەموو کەس فیداکاریی لەبەرانبەر هاوڕێ کۆنەکانیدا هەبێ و لەگەڵ ئەوان یەک بگرێتەوە، با هیوای پێکەوە بوون بۆ خەڵک بگەڕێتەوە و دواتر خەڵک بڕوامان پێ بکا لە پێناوی ئاواتی ئەوان و ئارمانی خەڵکدا ئامادەین کە لە بەرژەوەندی و پێگە مەجازییەکانمان دەست هەڵبگرین، نەک لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆماندا ڕیزی خەبات لەتوپەت بکەین.

قسەیەکی دیکە کە پێویستە لەگەڵ بەڕێز کاک عومەر بیکەین ئەوەیە کە؛ کاک عومەر لەژێر کاریگەریی هاندانی پێشکەشکارەکەدا، بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ پاوانخوز، دوایە ناوی ڕێکخراوکە ناهێنێ، بەڵام بە یەکێکی دیکە دەڵێ هاوپەیمانی فاشیستە دژە کوردەکان، بە یەکی دیکە دەڵێ لە خانەی نەتەوەییدا جێی نابێتەوە و یەکی دیکەی پێ هەڵەیە کە بەرەو لای کۆماری ئیسلامی دەکشێ.

هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەشی بە ورد و درشتەوە پێ هەو نیە و لە حیساب نایەن. دوو پرسیار لێرەدا زەق دەبێتەوە:
یەکەم – کاک عومەر بەو بۆچوونانەوە لەگەڵ کێ بەرە پێکدێنی و بە چ مەبەستێک؟
دووهەم- بەو تێڕوانینەوە بەرانبەر بە هەموو حیزبەکان، کێ پاوانخوازە؟

کێ بوو کە بۆ کۆبوونەکان ئامادە نەبوو و کۆبوونەوەی پەک دەخست؟

قسە لە سەر بەرەو کاری هاوبەش و چەتری هاوبەش و هاوکاریی نێوان حیزبەکان زۆرن و دەرد و ئازاریش زۆر، هیوا و ڕووناکییش بەدی دەکرێ و دونیا یەکسەر تارمایی نیە.

خودی کاک عومەر و هاوڕێیانی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەزانن کە بۆ دانیشتن و دیالۆگ لە پێناوی نەک شتی گەورەی وەکوو بەرە، بەڵکوو شتی تاکتیکی و شتە جوزئییەکاندا کە قەراری دانیشتن هەبوو، چۆناوچۆن بە بیانووی جۆربەجۆرەوە بە ناکامیلی بەڕێوە چوون و چ ئاکامێکیان هەبوو و تاقە یەک دانشیتن نیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێکی دابێتن، بەڵکوو زۆر جار لە زۆر شت گوزەشت کراوە و هەوڵی ڕازیکردنی ڕێکخراوی دیکەمان داوە تاکوو فڵان ڕێکخراویش لە دانیشتنەکەدا هەبێ، بەڵام کاک عومەر لەوپەڕی بێئینسافیی سیاسییدا دەڵێ؛ حیزبی دێموکرات پاوانخوازە و کۆبوونەوەکانی پەک خستووە! بەڕێز کاک عومەر ئێمە و ئێوەش دەزانین کە وا نیە.

حیزبی دێموکرات گەر بۆ زۆر کۆن نەگەڕێینەوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵی ئەوە بووە کە هەتا دەکرێ ڕێکخراوی دیکە بهێندرێتە نێو بازنەی هاوکاری و لێک نزیکبوونەوە و زۆرجار هەوڵی زۆری لە پێناوی ڕازیکردنی ئەوانی دی داوە کە لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش ڕێکخراوەکانی دیکەی وەکوو بەڕێز کاک عومەر، یان کەسانی دیکە کە لە بەردەم ڕاگەیاندنەکاندا دەست بە موزایەدە دەکەن، بەڵام لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا جۆرێکی دیکە هەڵوێست دەگرن، دەیانەوێ هەموو تاوانەکان بخەنە ئەستۆی حیزبی دێموکراتی پاوانخواز! گەر هەموو گرفتەکان و تاوانەکان هی حیزبی دێموکراتە و حیزبێکی پاوانخوازە، بۆچی خۆتان بە وەها حیزبێکەوە ماندوو دەکەن و بەرژەوەندییەکانی گەل وەدوا دەخەن؟ لە ئەمڕۆ سبەی زووتر نیە، ئێوەی حیزبی ئازادبیر و کراوە کە ڕۆحی پاوانخوازیتان تێدا نیە و لە پێناوی بەرژەوەندیی گەلدا لە هەموو شتی خۆتان دەگوزەرێن، بەرەیەکی سەرتاسەریی هەموو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێک بێنن و خەباتی جیددی بە دژی دوژمن بکەن، با حیزبی دێموکراتیش لە پاوانخوازیی خۆیدا بمێنێتەوە و لە کۆمەڵگای کوردستان تەریک بکەوێتەوە!

لە گۆڕەپانی کردەوەدا، یەکگرتنەوە و کاری هاوبەش دێتە ئاراوە

پێکهێنانی بەرە ڕەنگە ئەو کاتە هەست بە پێویستییەکەی زیاتر بکرێ، کە هەرکامەمان لەو ڕێکخراوانەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا خۆمان بە شتێک دەزانین، لە پێناوی ڕزگاریی خەڵک و بەگژداچوونەوەی دوژمندا هەندێک زۆرتر کردەوەمان هەبێ و هەموومان ڕوانگەیەکی یەکسانمان بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پێناسەمان بۆ دوژمنی هاوبەش هەبێ، ئەوکات دەتوانین هیوادار بین کە هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵ دەگیرێ، دەنا دوور لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەبات بین و یەکتر بەوە تاوانبار بکەین کە هێزی بورژوایی و هێزی گرێدراو بە عەرەبستان و هێزی سەر بە فڵان شوێن و لە پێناوی بەرژەوەندیی فڵان شوێنداین، و کار وکردەوەی یەکتر بە بەسراوە بە ئەمو ئەو بزانین و کارەساتەکان کە بەسەرماندا دێن بە دەسکرد! بزانین و یەکمان کۆماری ئیسلامیی پێ ئەمری واقیع بێ و ئەوی دیکەمان بە دوژمنی سەرەکیی کوردی بزانێ و یەکی دیکەمان سیاسەتی ڕوونی بەرامبەر نەبێ، ناتوانین بەرەیەکی هاوبەش پێک بێنین. ئەو چەترە چەتری کۆکەرەوە نابێ، بەڵکوو تێکەڵبوونی هەموو فرێکانسەکان دەبێ کە یەکدی پووچەڵ دەکەنەوە و خەڵک ئیتر نازانێ گوێی لە چی دەبێ.

دەردی گرانی سەرباری هەموو ئەوانەش، خۆ گەوەرەتر بینین لە ڕێکخراو و حیزب و خۆ گەورەتر بینین لە خەڵک و گەلە و ئاکامەکەی دابڕان و ئینشعاباتی زۆرتر دەبێ.

پێم وایە دوو قۆناغی گرنگی بەردەممان پێش لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە، بریتیە لەوەی کە یەکەم هەوڵ بدەین داخ و دەردی ئینشعابەکان کەم بکەینەوە و بە وەسەریەکخستنەوەی ڕیزی حیزبەکان، هیوای پێکەوە بوون بۆ گەل بگەڕێنینەوە و پیش و پاش و لەگەڵ ئەوەشدا هەرکامەمان هەوڵ بدەین لە مەیدانی کردەوەدا خەباتی خەڵک بە گژ دوژمنی سەرەکیدا بەگوڕتر لە جاران بکەین.

گۆڕەپانێکی گەورەی خەبات و تێکۆشان لەبەردەمە و دۆخەکەش زۆر زۆر گۆڕاوە و پێویستییەکان گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە. لەم گۆڕەپانە نوێیەدا نە جێگەی پاوانخواز دەبێتەوە ونە جێگەی بێکردەوەی فرەدوو.

کات، کاتی کردەوەیە و داهاتوومان بە دەستی خۆمانە.

٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥