کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەپێوەندی لەگەڵ حوکمی ئێعدام و زیندانی درێژماوەی هاووڵاتییانی کورد

16:49 - 9 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە حوکمە ناڕەواکانی ڕێژیم دەرحەق بە گیراوانی ناوچەی شنۆ ڕاگەیەندراوێكی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران

هاونیشتمانانی بەڕێز !

کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان !

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ!


ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سەرکوتی ڕۆڵەکانی کورد، لەم دواییانە و بەدوای بەرین‌بوونەوەی خەباتی کورد دژ بە سیاسەتی هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانیان، دستگیر و زیندانی کردنی ئازادیخوازانی کوردی زیاتر و چڕتر کردووەتەوە. هەر لە بەردەوامیی ئەو ڕەوتەدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی کوردی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بیانووی پێوەندییان بە حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەم ڕەفتارە ناڕەوایەی لەبەردەستدا بێ، دەستگیر و ڕەوانەی زیندانی کردوون، تا ئێستا لە ناوچەی شنۆ حوکمی زاڵمانەی لەسێدارەدان و زیندانی کردنی درێژماوەی تا ٢٥ ساڵی بەسەر دەستگیرکراواندا سەپاندووە و بە ناسیاوییەک کە لە نێوەڕۆکی دژی ئینسانیی ڕێژیم هەیە، دوور لە چاوەڕوانی نییە کە حوکمی زاڵمانەی لەم جۆرە بەسەر باقی دەستگیرکراوەکاندا بسەپێنێ بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکا و پێش بە هەر چەشنە ئیعتراز و ناڕەزایەتی دەربڕینێکیان بەرانبەر بە ڕەفتاری دژی گەلیی ڕێژیم و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بگرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی ئەو شێوە ڕەفتارە دژ بە ئازادیخوازانی کورد، داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکا دژ بەو ڕەفتارە زاڵمانەیەی ڕێژیم دژ کردەوەی گونجاو لە خۆیان نیشان بدەن و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان هەڵبڕن. ڕوونە کە بێدەنگی لە ئاست ئەم کردەوانەی ڕێژیم بەردەوامیی لەو ڕەوتە بە دوای خۆیدا دێنێ و دەستی ڕێژیم و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئاواڵەتر دەکا.

لە هەمانکاتدا داوا لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆستەکان دەکا؛ دەنگی ڕەخنە و ئیعترازی خۆیان بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوت و حوکمە ناڕەواکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە خەڵکی کورد بەرز بکەنەوە و لە هەر ڕێگایەکی مومکینەوە فشار بخەنە سەر ڕێژیم بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ڕەفتارە زاڵمانەکانی دەرحەق بە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٣٩٥/١١/٠٩
٢٠١٧/٠١/٢٨