کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی هەرەسی ڕنوو ٣ کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەست‌ دا

14:30 - 10 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: بە هۆی بارینی بەفر و هەرەسی ڕنوو لە شاری سەردەشت، ١٢ کۆڵبەر لە گوندی بێورانی سەرێی سەر بەو شارە، بوونە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان، ١٢ کۆڵبەری کورد لە شاری سەردەشت به هۆی هەرەسی ڕنوو بوونە قوربانی.

شوناسی ٣ کەس لەو کۆڵبەرانەی کە گیانیان لەدەست داوە بە دیار محەممەد نژاد کوڕی هەمزە، تەمەن ١٨ ساڵە و شێرزاد عەبدوڵڵایی تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عومەر و هیوا ئیبراهیمی‌نیا کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٢٢ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لەم ڕووداوەدا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ڕزگار عەلیزادە خەڵکی گوندی بێوارانی سەرێ، لاقێکی شکاوە.

بەپێی زانیارییەکان، کۆڵبەرە بریندارەکان بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراون.

ئەو کۆڵبەرانە بە یارمەتیی خەڵکی خۆجێیی و شاخەوانان و خەڵکی شاری سەردەشت ڕزگار کراون.

بارودۆخی ناڵەباری ئابووری، دانەمەزراندنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوەند و ئیدارە حکومەتییەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە هاووڵاتیان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕوو لە پیشەی پڕمەترسیی کۆڵبەری بکەن و ڕۆژانە شاهێدی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەبی.