کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ئۆتریش بەرز ڕاگیرا

15:42 - 11 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری ویەن لە وڵاتی ئۆتریش بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – ئۆتریش، بە بۆنەی یادی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە ڕێوڕەسمێکی بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە شاری ویەن بەڕێوەبرد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە لە لایەن بەرپرسی کومیتەی حیزبی دێموکرات لە ئۆتریش، دوکتور جەزا ساڵحیییەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامی کومیتەی حیزبدا وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ئەم یادە پیرۆزە، بە وردی باس لە سەر دوو خاڵی سەرەکی کرابوون. یەکەم دامەزرانی کۆماری کوردستان، هەلومەرجە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، چۆنیەتی دامەزرانی کۆماری کوردستان، دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان، زەق کردنەوەی دوو دیاریی بە نرخی کۆماری کوردستان وەک دامەزرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و دانانی ئاڵایەک بۆ کورد و هەڵدانی لە سەر دام و دەزگاکانی کۆماری کوردستان وەک بنەمای ناسنامەی دەسەڵاتی سەربەخۆی کوردی.

دووهەم ڕاگەیاندنی ڕاسان لە نەورۆزی ساڵی ڕابردوودا بۆ تێکەڵکردنەوەی خەباتی شار و شاخ، پێوەندیدانی خەباتی چەکداری و خەباتی مەدەنی، شوێندانەریی ڕاسان لە سەر ورەی خەڵکی ڕۆژهەڵات، پاڵپشتیی بوێرانەی خەڵکی کوردستان بۆ هێزی پێشمەرگە، باوەڕی پتەو و لە خۆبوردوویی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، سووربوونی خەڵک و پێشمەرگە لە سەر داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، وەشاندنی زەبری گورچووبڕی پێشمەرگە بە تایبەت لە قەرەسەقەل و سەوڵاوا لە هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشە و گوڕەشە پڕوپووچەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە حیزبی دێموکرات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە کۆتاییدا شەهید بوونی پۆلێک له پێشمەرگەی بەنرخ، بە ورە و بە بیروباوەڕ بە دەستی چڵکاوخۆرانی کۆماری ئیسلامی و نوێ کردنەوەی پەیمان لەگەڵیان.

لەم ڕێوڕەسمەدا نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەشدار و پەیامی پیرۆزباییان بەم بۆنەوە پێشکەش کرد:

ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ ڕێکخراوی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ حیزبی شیوعی کوردستان
ـ حیزبی شیوعی عێراق
ـ نوێنەرایەتی ئورووپا و نەمسای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان- سووریە
ـ بزووتنەوەی گۆڕان

هەروەها ئەندامانی هاوڕێیانی پێشوو و پارتی ئازادی کوردستانیش بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.

کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانیبێژیی هونەرمەند ناسر ڕەزازی و سۆزان کۆیار کۆتایی پێهات.