کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێورەسمی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان لە ئەیالەتی تینیسی ئامریکا بەڕێوە چوو

16:43 - 12 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: یادی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان لە ئەیالەتی تینیسی ئامریکا لە شاری نەشویل بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری نەشویل، ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی بەرز ڕاگرتنی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداری نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکان و کوردەکانی دانیشتووی دەڤەری نەشویل بەڕێوە برد.

ئەو رێوڕەسمە سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان ئارش ساڵح، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا پەیامی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی لە ئامریکا پێشکەش بە ئامادە بووان کرد.

دواتر محەممەد قەرەخدری بەرپرسی کۆمیتەی نەشویل لە ئامریکا پەیامی کۆمیتەی حیزبی خوێندەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو بەرنامەیەدا پەیامی لێژنەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەیالەتی تینیسی لە لایەن کاک حەمەدین خوێندرایەوە.

هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا، ڕەحیم ڕەشیدی پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ ـ لقی ئامریکای خوێندەوە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا محەممەد داستان و خالید خورینجی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکرات بە پارچە پەخشانێک لە سەر ڕاسان بەشداری بەرنامەکە بوون.

هەروەها چەند برووسکەی پیرۆزبایی بۆ ئەم ڕێوڕەسمە نێردرابوون کە بریتین لە:

- لێژنەی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
- کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کورستان لە ئامریکا
- لێژنەی گۆڕان لە ئەیالەتی نەشویل

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

رێورەسمی
رێورەسمی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان لە ئەیالەتی تینیسی ئامریکا بەڕێوە چوو