کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێک بۆ مەسعوود تەک لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

14:55 - 13 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی لە کۆڕی مەسعوود تەک، سەرۆکی پارتی سوسیالیستی کوردستاندا کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری شتوتگارت وڵاتی ئاڵمان کۆڕێک بۆ مەسعوود تەک، سەرۆکی پارتی سوسیالیستی کوردستان بەڕێوەچوو و شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەشداریی تێدا کرد.

ئەم کۆبوونەوە بۆ باسکردن لە سەر ڕوانگەی پارتی سوسیالیستی کوردستان لە سەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و بەتایبەتی هەر چوار بەشی کوردستان تەرخان کرابوو.

تەک، لەسەرەتای قسەکانیدا باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر هەر چوار بەشی کوردستان پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەگەری وریایی و یەکگرتوویی کورد لە ڕۆئاوا و باشوور، هەلێکی زێڕین و مێژوویی خولقاوە کە دەتوانێت ببێتە پێگەیەکی بەهێزتر بۆ کورد.

هەروەها ئاماژەی بە دوایین کۆبوونەوەی تورکیە و ڕووسیە و ئێران لە مۆسکو کرد و خۆشحاڵی خۆی لەسەر باس نەکردنی پەیەدە وەکوو تێرۆریست لە لایەن تورکیەوە دەربڕی و ئەوەی وەکوو ئاماژەیەکی باش لەمەڕ پێشکەوتنی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد لە قەڵەم دا.

سەرۆکی پارتی سوسیالیست سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای ئاماژە بە مێژووی قوربانیدانی ئەو بەشە بۆ سەربەستی و ئازادی لە ساڵی ٧٩ی زایینیەوە، لە کاتی ئێستاشدا ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەکوو هەنگاوێکی گرینگ و مێژوویی ناو لێ برد و هاوخەمیی خۆی بە نیسبەت شەهیدانی ڕاسان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدان دەربڕی و ئامادەیی خۆیانی وەکوو هەموو کات و بە گوێرەی توانا تا بەرزترین ئاست پیشان دا.

سەبارەت بە باکووری کوردستان ئاماژەی بە دۆخی باکووری کوردستان کرد، کە لە ئاکامی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیە هاتۆتە ئاراوە و دۆخی دژواری ژیان و گوزەرانی خەڵک و ڕادەی کاولکاریی نێو شار و گوندەکان و هەروەها تووڕەیی خەڵک لەو وەزعەی کە هاتوەتە ئاراوە، بۆ بەشداربووان شی کردەوە.