کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له هانۆڤەر ڕێز له شەهیدانی کوردستان گیرا

21:06 - 13 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: به مەبەستی ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان، شەهید ڕەسووڵ محەممەد زادە و دوکتور سولەیمان چرۆکایه ڕێوڕەسمێک لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن کۆمیتەی پارتی ئازادی کوردستان ـ باکوور لە ئاڵمان ڕێورەسمێک بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان ڕەسووڵ محەممەدزادە، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوکتور سولەیمان چروکایە تێکۆشەری سەربەخۆی باکوور کوردستان لە ناوەندی کولتووری کارگا، لە شاری هانۆڤەری ئاڵمان بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاڵمان بە سەرپەرەستی ئارێز داراپوور بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەشداری کرد.

هەر بەوبۆنەوە و لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا نوێنەری کۆمیتەی حیزبی دێموکرات قسەی بۆ بەشدار بووان کرد.

ئارێز داراپوور لە سەرەتای قسەکانیدا و بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سپاسی بەڕێوەبەرانی ڕێورەسمەکە و بەتایبەت کومیتەی پارتی ئازادی کوردستان له ئاڵمان کرد و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان دەربڕی و دواتر خەبات و تێکۆشانی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە-ی بۆ بەشدار بووان باس کرد.

داراپوور لە بەشێک لە قسەکانی دا وتی: شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە پەروەردەی زانکۆی حیزبێکە کە بە وەفاداری بە نەتەوەی کورد، پابەند بە پرنسیب و پرستیژەکانی پێناسە دەکرێت. زانکۆیەک کە بە سەدان و هەزاران ڕۆڵەی لێهاتوو و خۆشەویستی وەک کاک ڕەسووڵ محەممەد زادە بۆ درێژەپێدان بە ڕێبازی پیڕۆز و پڕ لە فیداکاری پێشەوای مەزنی کورد شەهید قازی محەممەد پەروەردە کردووە.

ئارێز داراپوور لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسێکی لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و لەو پێوەندییەدا جەختی لە سەر هاوکاری و یەکگرتوویی هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یارمەتیدانی ڕاسان کردەوە.