کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگری ئامریکا و عەرەبستانیش سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی وتووێژیان کرد

17:06 - 14 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: پاش وتووێژەکانی دۆناڵد تڕامپ و مەلیک سەلمان، پاشای عەرەبستان، وەزیرانی بەرگری هەر دوو وڵاتیش سەبارەت بە ڕۆڵی نێگەتیڤی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، جەیمز ماتیس وەزیری بەرگری ئامریکا و مۆحەممەد بێن سەلمان وەزیری بەرگری سعودیە لە ڕیگەی تێلێفۆنەوەسەبارەت بە چالاکییە گوماناوییەکان و هەروەها دەستیوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نیوخۆیی وڵاتانی ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

لەم وتووێژەدا وەزیری بەرگری ئامریکا هێرش بۆ سەر ناوچەی عەرەبستان لەلایەن حوسییەکانی یەمەنی مەحکوم کرد کە ڕۆژی ١١ی ڕێبەندان ڕووی دا و ٢ سەربازی سعودیە بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا؛ دوابەدوای ئەمەش وەزیری بەرگری عەرەبستان داوای هاوکاری لە لایەنی بەرامبەر کرد لە ڕاستای قازانج و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ٢ وڵات و خەبات لەدژی تێرۆریزم و میلیشیا و چەتە دەریاییەکان.

لەم وتووێژەدا هەروەها هەر دوو لایەن باسیان لە چالاکییە جێگەی گومانەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانەکانی تاران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە بەمەبەستی لاوازکردنی ئەمنیەت و ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتانە کرد.

لە نێوئاخنی باسەکانیشدا عەرەبستان داوای لە دەوڵەتی نوێی ئامریکا کرد کە جیددی تر لە پێشوو بەرهەڵستی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە؛ لەبەرابەریشدا ماتیس داوای هاوکاری ڕاوێژکارانەی زیاتر لە عەرەبستان کرد سەبارەت بە پرسە ئەمنیەتییەکانی ناوچە.

چەند ڕۆژ پیش ئێستایش دۆناڵد تڕامپ و مەلیک سەلمان سەبارەت بە جێبەجێکردنی لێبڕاوانەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەل ئێران و گوشاری زیاتر بۆ سەر تاران بە هاودەنگی گەیشتبوون.