کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری مەریوان کۆچی دوایی کرد

20:55 - 16 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: کاک سەید شەهاب حوسێنی ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاک سەید شەهاب حوسێنی خەڵکی گوندی پایگەلان سەر بە شارستانی سەوڵاوا ئێوارەی ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە زێدەکەی خۆی بە هۆی ڕاوەستانی دڵ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

کاک شەهاب لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، پێوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کرد و بەوپەڕی لێهاتوویی و دڵسۆزی ئەرکی حیزبیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران گرتە ئەستۆ.

ناوبراو لە درێژەی چالاکیەکانی‌دا وێڕای چەند کەسێکی دیکە لەساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی چاڵە ڕەشەکانی تاران کرا و بۆ ماوەی ٩ مانگ لە بەندیخانەدا ئەشکەنجە درا.

ئەو ئەندامە بەوەجەی حیزبی دێموکرات لە بەرانبەر سەرجەم ئازار و ئەشکەنجەکانی جەلادانی ڕێژیمدا خۆی ڕاگرت و هەموو نهێنییەکی حیزبی پاراست، هەر بۆیە ڕێژیم لە ئەشکەنجەدانی کۆڵی دا و پاش ٩ مانگ ئازاردان، ئازادی کرد.

کاک سەید شەهاب حوسێنی دوای چەندین ساڵ ژیان لە تاران، گەڕایەوە شاری سنە و تا دوا چرکەساتەکانی ژیانی، وەفادار بە حیزب و گەل مایەوە و پارێزەری پرەنسیپی حیزب و بەهاکانی نەتەوەی کورد بوو.

حیزبی دێموکرات سەرەخۆشی لە بنەماڵه، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.