کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان و لایەنە سیاسیەکان

23:42 - 16 رێبەندان 2716

کەریم پەرویزی

ئەزموونی حیزبایەتی و کاری ڕێکخراوەیی لە نێو لایەن و حیزبێکی سیاسیدا، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ئەزموونێکی چەند دەیەییە و هەر لە هەمانکاتیشدا لە بواری پێوەندیی نێوان حیزب و لایەن سیاسییەکانەوە، ئەزموونێکی زۆرتر تاڵ و کەمتر شیرینە.

بەتایبەتی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی کە لەم ڕۆژانەی تێیداین ٣٨ەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی گەل بە سەر دەسەڵاتی ملهوڕدا دێتەوە، لە نێو کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا وەکوو شوێنەکانی دیکە لە ئێراندا، چەندین حیزب و ڕێکخراو پێکهاتن و ڕکەبەرایەتیی ئەوانەی پێشوویان دەکرد. بەداخەوە لە بەر کەمبوونی ئەزمووی کاری پێکەوەیی و دواکەتوویی کۆمەڵگا و هاتنەنێوەوەی بیرۆکەی پاوانکەرانە و بیری سڕینەوە و لەنێوبردنی ئەویتر، ماوەیەکی تاڵ لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا تۆمار کرا، کە هەمان مێژوو و بە تامی زۆر تاڵترەوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا ئەزموون کراون. هەر لە هەمانکاتدا لە چەند برگەشدا ئەزموونی لێک نزیکبوونی هەندێک حیزب و دۆستایەتیی هەندێک، لە بیرەوەریی سیاسیی کوردستاندا هەیە.

ئێستا کە وەرزێکی دیکەی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەست پێدەکاتەوە و فەسڵێکی دیکەی مێژوو دەنووسرێتەوە، پێویستە کە حیزبی بوون و پێوەندیی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێ بنێتە قۆناغێکی دیکەوە.

راسانی ڕۆژهەڵات، هەرچەند ڕەنگە حیزبێک دەستی پێکردبێ، بەڵام ڕاسانی گرووپێکی تایبەتی و حیزبێکی تایبەتی نیە، چوونکە کوردستان موڵکی پاوانکراوی کەس نیە و سەردەمی حیزبی هەمەلایەنگیر و پەڕاوپەڕی، کە خۆی لە باتی هەموو کۆمەڵگا و جیهان ببینێ، دوای ڕووخانی دیواری بێرلین بەسەر چووە! کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش وەکوو هەموو کۆمەڵگایەکی جیهان پڕە لە ڕەنگی جیاواز و ئیدە و خولیای جیاواز. لەم کۆمەڵگایەدا هەر حیزب و گرووپێکی سیاسی و مەدەنی و کولتووری و کۆمەڵایەتی، خۆی بە نوێنەری ویست و خولیای کۆمەڵێک کەس و چین و توێژێک دەبینێ و بە بەشداریی هەموو هێز و تواناکانەوەیە کە خەباتی کوردستان بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە ئازادی گەشە دەستێنێ و لە سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات واتە خەباتی هاوشان و دژ بە دوژمنی سەرەکی کە خاکی کوردستانی خستۆتە ژێر پۆستاڵی پاسدارەکانیەوە و دەیەوێ ئیرادەی نەتەوەی کورد ملکەچی بیرۆکە دواکەوتوانەکەی بکا، پێویستیی بە هەموو کەس و هەموو گرووپێک هەیە.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات بریتی نیە لە پارلمانی کوردستان تاکوو کورسیی تێدا دابەش بکرێ، بەڵکوو بریتیە لە قۆناغێکی خەبات بە دژی دوژمن و لە پێناوی سەلماندنی ئیرادەیەکی نەتەوەیی دێموکراتیکی گەلێکی خاوەن خولیادا؛ بۆیە هەموو گرووپەکان بە هەر ڕادە کە لە تواناماندا هەیە و بە هەر شێوازێک کە پێمان دەکرێ، پێویستە تێیدا بەشدار بین و خەڵکمان ڕێکبخەین تاکوو بەگژ دەزگای سەرکوتکەردا بچینەوە و کەسمان پێ زیادی و سووک نەبێ و لەباتی شکشت هێنان بە دوژمن، هەوڵی شکست هێنان و سووککردنی پلانەکانی یەکدی نەدەین.