کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان لە فینلاند بەڕێوە چوو

15:45 - 18 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: یادی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان لە شاری تورکو لە وڵاتی فینلاند بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی كۆماری كوردستان، ڕێوڕەسمێكی تایبەت لە شاری توركو لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب ‌و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن عەلی مورادی، بەرپرسی كۆمیتەوە پێشكەش كرا.

مورادی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی كۆماری كوردستان کرد و گوتی؛ ئەو كۆمارە ساوایە وەڵامدەری ویستی كۆمەڵگای كوردی لەو سەردەمەدا بوو، بۆ بەدەستەوە گرتنی مافی چارەنووس.

ناوبراو لە باسی کـۆماری کوردستاندا گوتی؛ کۆمار نوختـه‌ وه‌رچـه‌رخانێکی گرینگ بوو له‌ مێـژووی نه‌تــه‌وه‌ی کـورددا، چوونـکه‌ بۆ یه‌که‌م جار بوو که‌ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌‌ به‌ به‌شداریی نوێنه‌رانی خۆی له‌ هــه‌مـوو به‌شـه‌کانی کوردستــان، لــه‌ به‌شێک له‌ نیشتمــانه‌که‌یدا، بڕیاری دا کـه‌ خۆی چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ و حکوومه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌ چه‌شنی کۆماری دامه‌زرێنێ.

عەلی مورادی باسی لەوە کرد کە، ڕێژیمی کۆنەپرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣٨ سالی ڕابردوودا هەموو داوا ڕەواکانی گەلی کوردی بە تێرۆر وڵام داوتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئەمرازێک و بارودۆخ، بەکردەوە نیشانی داوە کە بۆ لەنێوبردن و خنکاندنی دەنگی حەقخوازانەی گەلی کورد هیچکات دەستی نەگێڕاوەتەوە. بەڵام گەلی کورد بە خۆشیەوە سەلماندوویانە، نە تێرۆر، نە ئێعدام، و نە زیندانیکردن، ناتوانن گەلی کورد لە داوای مافی ڕەوای خۆی بۆ چرکە ساتێکیش پاشگەز بکاتەوە. بەڵکوو ورەی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی بەرز و قایمتر کردوە و ڕق و کینەی کورد لە داگیرکەرانی زیاتر کردووە.

مورادی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی دایە ڕاسانی ڕۆژهەڵات و گوتی؛ لە هەلومەرجێکی ئاوادا و لە پێناو ژیاندنەوەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نەوروزی ساڵی پێشوودا، بە پەیامی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی بەرپرس لە بەرانبەر چارەنووسی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕێبەری بزووتنەوەی نەتەوایەتی لەو بەشەدا، بە ئەرکی خۆی دەزانێت، هەنگاوێکی دیکە بەرەو گۆڕانی پارسەنگەکان لە بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد هەڵگرێت و بەرپرسانە قۆناغێکی نوێ لە خەبات دەست پێبکات. و گوتیشی؛ ڕاسان زیندووکەرەوەی کەڕامەتی ئینسانی و نەتەوایەتی خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ڕاسان درێژەی پرۆژەی بەنەتەوەبوون، بەهێزکردنی بایەخە مرۆڤدۆستانەکانی جووڵانەوەی نەتەوایەتی کوردە. سەرهەڵدانە بەرانبەر بە پرۆژەی قووڵی کۆماری ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتدار دژی نەتەوەی بندەست و بەرزبوونەوەی بانگی ئازادیخوازی و ئینسان خۆشەویستیە، هێمای خەونی سەربەخۆیی و ئازادی کوردستانە.

لە بەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا، شێعرێک لە لایەن ئێلهام زەحمەتکیشەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی پارتی دێموكراتی كوردستان لە فینلاند، لە لایەن كەماڵ چەكۆوە پێشكەش كرا. هەروەها نوێنەرانی پارتی دێموكرات بەم بۆنەوە كۆمەڵێک ئاڵای كوردستانیان وەك دیاری پێشكەش بە ڕێوڕەسمەكە كرد.

هەروەها لە بەشێكی دیكەدا پەیامی سازمانی كۆمۆنیستی ئێران، كۆمەڵە، لە لایەن خەبات بێسارانیـیەوە پێشكەش كرا.

لە درێژەی پەیامەكانی تایبەت بەم بۆنەدا، پەیامی یەكیەتییەكانی ژنان‌ و لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن خاتوو مەهتاب محەممەدیانەوە پێشكەش كرا.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.