کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود تەک: ئێمە پشتیوانی لە ڕاسان دەکەین

21:04 - 18 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سمینارێک کە بۆ مەسعوود تەک سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستان PSK لە وڵاتی سوویس پێکهاتبوو بەشداریی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێڕان لە وڵاتی سوویس، بە سەرپەرەستی کامران ڕەسووڵی بەرپەرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوویس بەشدارییان لە سمیناری مەسعوود تەک، سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستاندا کرد.

سەرەتای سێمینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان مەسعوود تەک وتارەکەی پێشکەش بە بەشداران کرد.

تەک لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی کوردستان بەگشتی دا و سیاسەت و هەڵوێستی حیزبەکەی بۆ بەشداران لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان خستە ڕوو.

نابراو لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ڕۆژهەڵات زۆر بە چڕی ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی ئەو بەشەی کوردستان و ڕاسانی نۆێی ڕۆژهەڵات کرد.

تەک لە درێژەی قسەکانیدا لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵات گوتی: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتێکی نوێی لەژێر ناوی ڕاسان دەست پێکردووە، ئیمە وەک حیزبی سوسیالیستی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات و سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات دەکەین.

ناوبراو هەروەها گوتی؛ ئێمە و حیزبی دێموکرات یەک حیزبین، بەڵام لە دوو ماڵ و بنکەی جیاوازداین، بۆیە هەڵوێست و سیاسەتەکانی حدکا هەڵوێست و سیاسەتی ئێمەشە.

سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای لە حکوومەتی هەرێم و هێز و لایەنەکانی باشووری کوردستان و هەموو هێزەکانی کوردستان کرد پشتیوانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بن، و ئەگەر ناتوانن پشتیوان و یارمەتیدەری ڕاسانی ڕۆژهەڵات بن، با بەربەست و گرفت بۆ ڕاسانی ڕۆژهەڵات دروست نەکەن.