کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

20:13 - 20 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە:

بەیاننامەی هاوبەش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

خەڵکی مافخوازی کوردستان

چین و توێژە ئازادیخواز و ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان


ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە (٢١/٢/٢٠١٧)ی هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، یان زگماکی ناودێر کراوە و لەنێو گەل و نەتەوەکانی جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.

دوای ئەوەی لەسەر پێشنیاری وڵاتی بەنگلادێش، ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و فەرهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پەسەند کرد، لە چەندین بەڵگەنامەی نێونەتەوەییشدا ئەم پرسە جەختی لەسەر کراوەتەوە، لەوانە: ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکراوی میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن لە سیستمی پەروەردە و فێرکاری، کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان، کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی نژادی، ڕاگەیەندراوی مافی کەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی، ئێتنیکی و زمانییەکان و ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی زمان .مرۆڤ، بوونەوەرێکی شوناسخوازە. لەم نێوەدا زمان پێگەیەکی تایبەتی هەیە. زمان پڕ ڕەنگترین نوێنگەی شوناسی مرۆڤە. مرۆڤ بە ڕێگەی زمان،ژیان وشوناسی خۆی و دەوروبەر مانا دەکاتەوە. زمانی دایکی، نە تەنیا زمانی ئاخاوتنە، بەڵکوو زمانی عاتیفە،زمانی هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە.

ئێران لە ڕووی پێکهاتەی زمانی، نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەوە وڵاتێکی فرەچەشن و فرە نەتەوەیە. بە فەرمی نەناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ ئەم نەتەوانە، لە ڕووی دەروونی، پەروەردە، کولتووری و زمانییەوە کۆمەڵێک زیانی بەدواوە بووە. لەم ڕەهەندەوە، لێکدانەوە و خوێندنەوەی ئیدئۆلۆژیک و سیاسی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەم مافەی بەرەو ئاقارێکی دیکە بردووە. سیستمە شوینیستییەکان، شوناسی خۆیان بە زمانی باڵادەست تێکەڵکێش کردووە و وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت و پەراوێزخستنی زمانی نەتەوەکانی دیکە بەکاریان هێناوە، واتە دەسەڵات، باڵا دەستیی خۆی لەم ڕێگەوە سەپاندووە. دەسەڵاتداران لە پەیوەندی لەگەڵ مافی زمانی و مافەکانی دیکەی پێکهاتەکانی ئێران، کۆمەڵێک پاساو و هۆکار دێننەوە کە لە بنەڕەتدا بەلاڕێدا بردنی واقعی کێشەکەیە. بۆ نموونە بەکارهێنانی چەمکی کەمینە و وردە فەرهەنگەکان. بە تەواوی ئاشکرایە کە کۆی کەمینەکان(نەتەوە ژێردەسەتەکان)، زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پێکدێنن، لە کاتێکدا لە کەمترین مافەکانیان بێبەشن. ئەم چەمکانە لە سەربنەمای هەڵاواردن و بە فەرمی نەناسینی جیاوازییەکان و نکۆڵی کردن لە مافە سروشتی و سیاسیەکانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی، زمانی و ئایینیەکانی ئەم وڵاتە بنیات نراوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەکەوێتە چوارچێوەی سەرکوتێکی سیستماتیکەوە کە لایەنێکی یاسایی پێدراوە.

لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانەوە، زمانی دایکییش هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی، یەکپارچەیی خاک و لە هەمانکاتدا، سەرەتا و بیانوویەکە بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆییخوازی. هەر بۆیە پێیان وایە کە ئەم چەمکە فەرمییانە دەبێت کۆڵەکە سەرەکییەکانی شوناسی ڕەسەنی ئێرانی بن.

لایەنگرانی سیاسەتی تاک زمانی، بریتین لە ئەو کەسایەتی، ڕەوت و لایەنانە کە تەنها خاڵی هاوبەشیان، ڕەنگە هەمان زەروورەتی پاراستی پێگەی پاوانخوازانەی زمانی نەتەوەی باڵادەست بێت. ئەمە لە هەمانکاتدا بووەتە هۆی بەکەم گرتنی زانست و ئەدەب و کولتووری نەتەوەکانی دیکە و بۆ بێ‌بایەخ کردن و تواندنەوەیان، سیاسەتی لەم شێوەیەیان گرتووەتەبەر. لە ڕاستیدا ئەمە بنەمای فکری، سیاسی و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕەوتە بێ‌دەسەڵات و هاوبیرەکانیان بووە بە درێژایی مێژوو تا دەگاتە ئێستا.

ئەم جۆرە ڕوانین و سیاسەتە، بە کردەوە گورزێکی مەترسیداری لە پێکهاتەی فرەچەشن و ڕەنگاڵەی ئێران داوە و مەترسیی لەناوچوون و پەراوێز خستنی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی دیکەی بەدواوە بوو. بەڵام، بێ‌توانایی و لاوازیی پێکهاتەیی سیستمی سیاسی لە بەرەوپێشبردنی ڕەوتی یەکسانسازی و ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی و زمانی، هۆکاری سەرنەکەوتنی بووە.

ئەم ئیدیعایە کە بەفەرمی ناسینی زمانە غەیرە فارسییەکان، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ویست و ئۆگری بە جیابوونەوەی نەتەوەکانی غەیرە فارس، زۆرتر لە ژێر کاریگەریی تئوری توطئە و ماهییەتی پاوانخوازانەی دەسەڵات و دەسەڵاتداراندا بووە.. ئاشکرایە کە سەپاندنی زمانێکی تایبەت دەکەوێتە چوارچێوەی زمان کوشتن و سەرکوتێکی سیستماتیک بە تەواوی ماناوە. لەکاتێکدا لەم سەردەمەدا بە دەیان وڵاتی جیهان زیاتر لە یەک زمانی فەرمییان هەیە، سیستمی پەروەردە و فێرکارییان چەند زمانەیە و زۆربەشیان خاوەنی سیستمێکی سیاسیی سەقامگیر و دێموکراتیکن، بۆ وێنە کانادا، بێلژیک و ئێسپانیا.

ئێمەی نەتەوەی کوردیش، وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ و شارستانیەت، لە ڕابردوو و تەنانەت لە ئێستاش کە زمان و کولتوورمان لەلایەن کولتوورە زاڵ و باڵادەستەکانەوە مەترسیی سڕینەوە و لەناوچوونی لەسەرە، بە ئەرکێکی نیشتمانی هەر تاکێکی کوردی دەزانین پرسی زمانی دایکی و پاراستنی بە هەند وەربگرێ و هەوڵی پاراستن و گەشەپێدانی بدات. هەوڵدان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایکی، ئەرکێکی ئەخلاقی، ئینسانی، نەتەوەیی هەر تاکێکی کوردە. هەر بۆیە لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، جەخت لە مافی سروشتی و ئینسانی و زمانیی خۆمان دەکەینەوە. داوامان لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، مامۆستایان، قوتابیان، خوێندکاران و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەگونجێ، دەنگی مافخوازانەی خۆیان بەرز بکەنەوە و بە کردەوە داکۆکی لە ماف و بەها و سامانێکی نەتەوەیی بکەن کە هەمان زمانی دایکییە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی

٨ی فێوریەی ٢٠١٧ی زایینی