کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات بەشداریی لە سێمنیاری مێری‌دا کرد

21:14 - 20 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی لە سێمیناری ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست MERI لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان‌دا کرد.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سەر بانگهێشتی فەرمیی ئەنیستیتۆی مێری، محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر، بەشداریی لە سێمیناری تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیە، کە لە لایەن ئەنیستیتۆی مێرییەوە ڕێکخرابوو، کرد.

ئەم سێمینارە بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی جڤاکییدیتام لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان ڕێکخرابوو.

ناوەندی دیتام (DITAM)، دامەزراوەیەکی توێژینەوەیی زانستیی گشتگیری ناحکوومیە کە لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی لە شاری ئامەد دامەزراوە و لە بواری گەشەپێدانی هزری دێموکراسی، ئاشتی و مافی مرۆڤ و بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی لە پێشخستنی چارەسەریی سیاسیانە و ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیە خەبات دەکات.

لەو سێمینارەدا، جیا لە سەرۆک و بەڕێوەبەرانی ناوەندی دیتام و مێری، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە کەسایەتی ئاکادیمی، توێژەر و کەسایەتی سیاسی و نوێنەری چەندین حیزبی سیاسی بەڕێوە چوو.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشی بۆچوون و پرسیاردا، تیشکی خستە سەر ڕوانگەکانی حیزبی دێموکرات سەبارەت به پرەنسیپە نەتەوەییەکان و مکانیزمی گونجاو بۆ چۆنیەتی هاوکاریی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتر و پێوەندی و هاوکارییان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و بە بێ‌ئەوەی دەستێوەردان لە کاروباری یەکتردا بکەن، بتوانن تەواوکەری خەباتی یەکتر بن.