کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌ ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە پارله‌مانی کانادا کەوتەبەر باس

16:22 - 21 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پارله‌مانی کانادا باسیان لە جووڵانەوەی مافخوازانەی میللەتی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و ڕۆڵی ئەرێنیی ئەو حیزبە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەیی کۆمەڵایەتی کرد.

ڕۆژی سێ‌شەممە، ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە نوێنه‌رایه‌تی كۆمیته‌ی حیزبی دێموکرات له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کانادا، به‌ سەرپەرەستیی کەریم ئیزەد پەنا و کەژاڵ محەممەدی، سەردانی پارلمانی کانادایان کرد و لەگەڵ تام کێمەک ئەندام پارلمانی کانادا سەر بە حیزبی کۆنسێرڤاتیڤ کۆبوونەوە.

لەو سەردانەدا شاندی حیزبی دێموکرات سەرەتا باسێکی تێر و تەسەلیان لە سەر جووڵانەوەی مافخوازانەی میللەتی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و ڕۆڵی ئەرێنی و ئەکتیڤی ئەو حیزبە لە سەرخستنی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ گەیشتن بەئازادی، دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵاتی و ئابووری، دەستەبەرکردنی مافە مەدەنی و نەتەوایەتییەکانی گشت گەلانی ئێرانیان، پێشکەش به ناوبراو کرد و گوتیان؛ ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات دوای سەرکەوتنی شۆڕش، هەوڵیدا ئەو مافانە لە ڕێگای ئاشتیانە و بە شێوەی دێموکراتیک وەدی بهێنن و گەلی کورد و باقی گەلانی ئێران بە مافە نەتەوایەتییەکانیان بگەن.

شاندی حیزبی دێموکرات هەروەها باسیان لەوە کرد کە؛ ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات ‌گەیشتوو بە ڕێبەریی ئایەتوڵڵا خومەینی، نەتەنیا بەرنامەی بۆ وەدیهێنانی داخوازییە نەتەوایەتی، مەدەنی، کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی ئێران و ئاوەدانکردنەوەی وڵات نەبوو، بەڵکوو لەبنەڕەتدا لە فەلسەفەی بەناو ئیسلامیی ئەودا، شتێک بە ناوی نەتەوە بوونی نەبوو تا دان بەمافیەکانیدا بنێ، و بەم جۆڕە شەڕێکی ماڵوێرانکەری بە سەر گەلانی ئەو وڵاتەدا سەپاند، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، درێژەی هەیە.

لەو سەردانەدا، شاندی حیزبی دێموکرات باسیان لەوە کرد کە؛ له سەرەتادا شەڕەکە، بە دەرکردنی فەرمانی جیهادی خومەینی دەستی پێکرد و هێرشی بەربڵاو و گشتگیری لەشکر و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد.

ئەم شەڕە لە پاوەوە دست پێکرد و دواتر هەموو پارێزگا و شار و شارۆچکە و گوندەگانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتەوە، و گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان قەڵاچۆ (ژینوساید)کران و ٥٩ لاوی مهابادی ئێعدام کران و شەڕێکی زۆر سەخت بە سەرخەڵکی مەدەنیی شاری سنەدا سەپا، کە لە مێژووی کوردستاندا، بە شەڕی خوێناوی ناودێرکرا.

شاندی حیزبی دێموکرات باسیان لەوە کرد کە؛ لەو لەشکرکێشییەی کۆماری ئیسلامیدا، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠٠٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی کوژراون. سەدان هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون. بە هەزاران کەس ماڵوێران، بریندار، کەم‌ئەندام، دەیان هەزار کەس زیندانی، تەبعید، هەزارانی کەس ئێعدامی سەحرایی کران و زۆرێک لە ئێعدام کراوەکان گۆڕەکانیان تا ئێستاش نادیارە. هەزاران گوند و دەیان شارۆچکە وێران و خەڵکەکەی ئاوارەکراون، بێ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە. دیارە ئێعدام،زیندانی کردن و تۆقاندن تا ئێستاش بەردەوامە.

ستەمێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە سەر میللەتی کورد، قەدەغەکردنی خوێندنی زمانی کوردی وەک زمانی نەتەوەی کوردە. هەر وەها دانانی ناوی کوردی لەسەر منداڵان و شوێنەکان، پێشیل کردنی مافە نەتەوایەتی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و مەدەنییەکانی نەتەوەی کورد بە شێوەی سیستماتیک بەردەوامە.

لە ڕووی ئابووریشەوە، ئابڵۆقەی خستۆتە سەر نەتەوەی کورد و بە شێوەی سیستماتیک خەڵکی کوردستانی لە هەژاریدا ڕاگرتووە و ڕایدەگرێت بۆ ئەوەی، بۆ جێبەجێ‌کردنی پلانەکانی لە دژی خەڵک و ئازادیخوازان، مەجبووریان بکات هاوکاریی بکەن. سیاسەتی تۆقاندن، ڕەشبگیری، دوو بەرەکی خستنە نێو خەڵک و بە زۆر چەکدارکردنی خەڵک، بەشێکی دیکەی سیاسەتەکانی ڕێژیمە لە کوردستان.

وەفدی حیزب هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ حیزبی دێموکرات هیچکات بڕوای بە شەڕ نەبووە و نیە و نابێت، بەڵام ڕێژیم هیچ ڕێگایەیکی بۆ خەڵک و حیزبی دێموکرات، بێجگە لە بەرخودانی شۆڕشگێڕانە نەهێشتۆتەوە و ئازادیخوازانی حیزب و گەل بۆ داکۆکی‌کردنی لە مافە نەتەوایەتییەکانیان مەجبوور بوونە و مەجبوورن بە گژ لەشکری تێرۆریستی سپای پاسداران و بەسیج و ئیتلاعاتدا بچنەوە. لە شەڕی بەرگری لە مافەکانی نەتەوەی کورد تا ئێستا، هەزار ئازادیخوازی کورد گیانی خۆیان فیداکردووە. دوو ڕێبەری گەورەی کورد، دوکتور قاسملوو لە سەر میزی بەناو وتووێژ بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە وییەنی پێتەختی دەوڵەتی ئۆتریش تێرۆرکرا کە بە داخەوە تێرۆریستەکان لە لایەن دەوڵەتی ئەو کاتی ئۆتریشەوە بۆ ئێران ڕەوانە کرانەوە و دوکتور شەرەفکەندی لە بێرلینی ئاڵمان لە لایەن تێرۆریستە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرور کرا، بەڵام بەخۆشییەوە تێرۆریستەکان دەستگیر کران و لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا، دادگایی کران و هەر کام لە تێرۆریستەکان بۆ چەندین ساڵ زیندانی کران. لەوەش گرینگتر بە بەڵگە، سەرانی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەری نیزامیشەوە و چەندین کەسی دیکەش، وەک فەرمان دەر و پلان‌داڕێژەری ئەو کردەوە تێروریستییە سیاسییە ناسێندران و ئەو داگایە بە دادگای میکۆنوس ناسراوە.

شاندی حیزبی دێموکرات هەروەها لە درێژەی باسەکەیاندا، باسیان لە کۆڵبەران کرد، کە چۆن بۆ بژیویی خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان ڕوویان کردۆتە ئەو کارە دژوارە و وێنەی کۆڵبەرانیای ڕادەستی ناوبراو کرد.

لە کۆتایی ئەو سەردانەدا، باسی ڕاسان کرا، کە دوای نزیک بە ٢٠ ساڵ ڕاگرتنی چالاکیی بەربڵاوی کادر و پێشمەرگە لە نێو خەڵک و خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک جاران هیچ پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕەوای نەتەوەی کورد نەبووه و هەروەها لە سەر شەڕی‌ داسەپاو بە شێوەی جاران سوور بوو، حیزبی دێموکرات لە سەر داوای خەڵک بڕیاریدا کادر و پێشمەرگە تێکەڵ بە خەڵک ببنەوە،ئەویش نە بۆ شەڕ، مەگەر بۆ بەرگری کردن لە خۆیان.

ئەم دیداره بە پرسیار و وەڵامی دوو لایەن کۆتایی پێهات و شایانی باسە کە؛ ئەم ئەندام پارلمانەی کانادا زانیارییەکی وردی لە سەر گەلی کورد تەنانەت کوردەکانی خوراسانیش هەبوو.