کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژن، داینامۆیەکی گرینگی ڕاسان

15:05 - 22 رێبەندان 2716

کەژاڵ حاجی میرزایی

ڕزگاری گەلان لە بندەستی و دەستەبەربوونی مافەکانیان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری بە بەشداری هەموو چین و توێژەکان و بەتایبەتی ژنانی کۆمەڵگاکە هەیە. ئەو ڕاستییە تەنانەت لە قۆناغەکانی دوای سەربەخۆیی و لە ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەشدا هەر بوونی هەیە. هەر وەک شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ، ڕادەی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک بە ڕادەی بەشداریی ژنانی ئەو کۆمەڵگایە هەڵدەسەنگێندرێت.لە لایەکی ترەوە خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و دەستەبەربوونیی مافەکانیان هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ خەبات بۆ دیمۆکراسی و مافی نەتەوایەتی نییە و تەنانەت بۆ وێنە، یەکێک لە پێناسە سەرەکییەکانی خەباتی نەتەوایەتیی کورد، خەبات بۆ یەکسانی ڕەگەزی و مافی ژنانە. کەوابوو تێکچنراوییەکی وەها لە نێوان ئەو دوو خەباتەدا هەیە کە جیاکردنەوەیان تا ڕادەیەکی زۆر ئاستەمە.

لە مێژووی خەباتی کوردستانیشدا لەگەڵ ئەوەیکە بە هۆی دواکەوتوویی و سووننەتیی بوونی کۆمەڵگای کوردەواری ژنان نەیانتوانیوە بە ڕادەیەکی ئیدەئاڵ ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بەردەوام جێگە پەنجەیان لە شۆڕش و بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا دیار بووە و دیارە. هاوکات، ڕاستییەکیش کە لە ڕەوتی مێژوویی بەشداری ژنان لە خەباتدا بەدی دەکرێت ئەوەیە کە پێ بە پێی پێشکەوتن و مۆدێڕنیزە بوونیی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وشیاری و تێکەڵاویی ژنان لەگەڵ کاروباری کۆمەڵایەتی و بەتایبەت خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی بەرفراوانتر بووە. یەکێکی دیکە لە ڕاستییەکانی مێژووی کۆمەڵایەتیمان ئەوەیە کە ئەو هەستیاری و ڕۆڵگێرییەی ژنی کورد هاوکات بەستراوەییەکی قوڵیی لەگەڵ گوڕوتینی کورەی خەباتی نەتەوەیی-دێموکراتیکی کورد هەبووە. هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە بە پێچەوانەی تایبەتمەندیی پیاوسالارانە و کۆنەپارێزانەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان لە ئێران، جووڵانەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی کوردستان بەردەوام هەڵگری بەها مۆدێڕن و پێشکەوتووە ئینسانییەکان و یەک لەوان داکۆکی لە یەکسانیی ژن و پیاو بووە. بۆیە هەر کات کوورەی جوڵانەوە بە تین بووە بزووتنەوەی ژنانیش لە سۆنگەی پشتیوانی ئەو جووڵانەوەیە، بەهێزتر بووە.

ئەمجارە خەباتێکی نوێ بە نێوی ڕاسان بەرامبەر بە ڕژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە. ڕاسان خەباتێکی گشتگیر و هەمەلایەنەی رزگاریخوازانەیە لە درێژەی خەباتی چەندین ساڵەی مۆدێڕنی کورد بە هەندێک تایبەتمەندی بەرچاوتر. لە ڕاسان‌دا، ڕاسان و ڕابوونی گشت ئەندامانی کۆمەڵ بە هەموو خواست و پێگەیەکیانەوە بە دژی داگیرکاریی و دواکەوتوویی کۆماری ئیسلامی مەبەستە. کارگێڕ(کارگوزار)ی ڕاسان نەک تەنیا پێشمەرگە، بەڵکوو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەوارییە. ئەگەر ڕوویەکی ئەو دراوە ڕۆڵگێڕیی هەموو ئەندامانی کۆمەڵ لە ڕاساندایە، ڕوویەکەی تری، لەخۆگرتن و ڕەنگدانەوەی هەموو خواستە مۆدێڕنەکانی کۆمەڵ لەو خەباتەدایە. واتا ڕاسان چەترێکی بەربڵاوی ڕزگاریخوازانەیە کە هەموو خواستە پێشکەوتووەکانی مرۆڤی کورد وێڕای خواستی نەتەوەیی لە خۆ دەگرێ و بۆی تێدەکۆشێ. لەو نێوەدا، ڕۆڵ و مافی ژن، پێکەوە، گرینگییەکی تایبەتی هەیە. بێ گومان ڕۆڵگێری ژنانی کورد لە ڕاساندا یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی درێژخایەنی ئەو شۆڕشە دەبێ. لە لایەکی ترەوە بەشداری بەرچاوی ژنان دەبێتە زامنی قورسایی گوتاری ژنانە(یەکسانیی رەگەزی) لە نێو ڕاسانداو مسۆگەر بوونی کۆمەڵگایەکی مرۆڤتەوەری پێشکەوتوو.

دیارە لە نێو ریزەکانی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، بەردەوام ژنان شان بە شانی پیاوان چ لە سەنگەرەکانی بەرگریدا و چ لە مێدیا و ڕاگەیاندنەکانیشدا ڕۆڵیان هەبووە و هەیە. بەڵام ڕاسان هەرواکە خاڵ¬وەرچەرخانێکی ستراتیژیکە لە جووڵانەوەی رزگاریخوازیی کورددا، بازدانێکی گرینگیشە لە شکڵ و ناوەڕۆکی رۆڵگێڕی ژن هەم لە بزووتنەوە نەتەوەیی-دیمۆکراتیکەکەی کورد و هەم لە کاروبارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا. ئەوەش هەر وەکوو ئاماژەی پێکرا لە بەرفراوانیی چەتر و مەیدانی خەبات و مێتۆدی ڕاسان سەرچاوە دەگرێ. بە واتایەکی تر، قۆناغی نوێی خەبات نەک تاک ڕەهەندی بەڵکوو فرەڕەهەند و فرەتوێژە و تا ڕادەیەکی زۆر خاوەنی تایبەتمەندیی پێوەندیی ئاسۆییە. لەوەوە کە ڕاسان بە مانای هەستانەوە و ڕاپەڕین لە خەو و بە گژ باری باودا چوونەوەیە، کە وابوو هەموو کۆمەڵ بە تێكڕا و چین بە چین و توێژ بە توێژ و هەرکەسەو لە جێگای خۆی دەتوانێ ئەرکی ڕاسانی خۆی و دەورووبەری ڕاپەڕێنێ.

ژنی کورد، هەم دەنگ و هەم بەردەنگی ڕاسان دەبێ. دەنگی ڕاسان دەبێ چوون سەرچاوەی ژین و وێنای چەوساوەترین مرۆڤی کوردە کە زۆرترین پێویستیی بە هەستانەوە هەیە و زۆرترین رەوایی بۆ بەگژداچوونەوەی داگیرکەریی هەیە. بەردەنگی ڕاسان دەبێ چوون ئاڕمانی ڕاسان مزگێنیی بەختیاری و ڕزگاری ژن دەدا. هەروەها ژن کە ڕاسا، کۆمەڵ ڕادەبێ؛ کەوابوو ژن زۆر لە نیوەی کۆمەڵ زۆرترە. بۆیە لە لایەک حەقانییەتی ئازادیخوازی ژن یەکێک لە داینامۆ سەرەکییەکانی ڕاسانە و لە لایەکی ترەوە ژیانی ئازاد و سەربەستی ژن دەرەنجامی لۆژیکیی ڕاسان دەبێ.

کۆبەند:

بە چاوخشاندنێک بە مێژووی کورد و گەلانی ناوچەدا بۆمان دەردەکەوێ کە لە کۆنەوە ژنی کورد رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکانی کورد و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداریی؛ کە ئەوە خۆی یەکێک لە شانازییە کولتووریی و سیاسییەکانی کورد بووە و ئێستاش بۆتە جێگەی سرنج و ستایشی جیهانی مۆدێڕن.

ڕاسانی نوێ، ئەو دەرفەت و گۆڕەپانەیە کە ژنی کورد جارێکی تر و ئەو جار هەستیارانەتر و لێبڕاوانەتر لە جاران ڕۆڵی خۆی تێدا دەگێڕێ و بە ئیرادە و کردەوەی خۆی ئەو هیوا و هۆمێدەی کە چەند ساڵ بوو لێی بزر ببوو دەبووژێنێتەوە و مزگێنی دەستەبەربوونیی یەکسانی و مرۆڤتەوەری دەداتەوە. لەو گۆڕەپانەدا، بەستێنی خەبات بۆ سەرجەم ژنانی کۆمەڵگا ڕەخساوە و هەر کەس لە هەر شوێنێکەوە دەتوانێ یارمەتیدەری ئەو خەباتە بێت. رێژەی ئەو ژنانەی ناوخۆی وڵات کە بۆیان دەگونجێ شانازیی بەشداری لە ریزەکانی پێشمەرگەیان وەبەر بکەوێ رەنگە زۆر کەم بێت بەڵام باقی ژنان لە ناوخۆ پێویستە بە پشتگەرمی بە ئیرادەی لەشکان-نەهاتووی ڕاسان لە سەر ویست و خواستە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانیان سوور بن و لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەربگرن و بە گژ داگیرکەردا بچنەوە. ژنان لە هەموو جێگە و پێگەیەک، لە ماڵدا، لە قوتابخانەدا، لە ئیدارەدا، لە ناوەندەکاندا و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش و بە گشتی لە هەر جێگایەک کە هەن دەتوانن بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ڕاسان و بە هۆشیار کردنەوەی دەورووبەریان و لەقاودانی پیلانەکان و ڕەواندنەوەی ترس لە ڕژیم و بردنەسەرێی ورە و ئیرادەی خەڵک لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ داگیرکەر وخۆتەیارکردنی خۆیان بۆ یارمەتیدان بە پێشمەرگە و...هتد بەشدار ویارمەتیدەری ڕاسان بن. ڕاسانێک کە ئاکامەکەی بریتییە لە بەختەوەری و ئازادی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان و بە تایبەت ژنانی کورد.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.