کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دژی ڕێژیمی ئێران خۆ پیشاندانیان بەڕێوە برد

16:37 - 23 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران له وڵاتی نۆروێژ، دژی زوڵم و زۆرییەکانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوابەدوای کوژرانی کۆڵبه‌رانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هه‌روه‌ها به‌ندکران و دانی حوکمی له سێدارەدانی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له کوردستان، دوو کۆمیته‌ی حیزبی دێموکرات و کۆمه‌ڵه له وڵاتی نۆروێژ، وێڕای بڵاوکردنه‌وی بانگه‌وازێک، بۆ پشتیوانی له ڕۆڵه‌کانی ته‌نه‌وه‌که‌مان، خۆپیشاندانێکیان وه‌ڕێخست.

ئەو خۆپیشاندانه به به‌شداریی کۆمه‌ڵێک له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هەر دوو حیزب بەڕێوە چوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نه‌ته‌وەیی ئه‌ی ڕه‌قیب و خوله‌کێک بێ‌ده‌نگی بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان په‌یامی هاوبه‌شی کۆمیته‌کانی حیزبی دێموکرات و کۆمه‌له به زمانی نۆروێژی له لایه‌ن کۆمار یارحوسێنییەوە خوێندرایەوە.

هەروەها په‌یامی هاوبه‌شی ئەو دوو حیزبە به زمانی کوردی له لایه‌ن برایم کۆنه‌پۆشیەوە پێشکەش کرا.

لەو خۆپیشاندانەدا دروشم به زمانه‌کانی کوردی، نۆروێژی و فارسی لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دژی ڕێژیمی ئێران بەرز کرایەوە.