کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێک لە لاوانی ڕۆژهەڵات پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون

22:47 - 24 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: پۆلێک لە لاوانی بەهەڵوێستی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پاش تێپەڕاندنی دەورەی سەرەتایی پیشمەرگە، جلی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان لەبەر کرد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی کۆتایی‌هاتنی دەورەی ٢٢٣ی هێزی پێشمەرگە، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، فەرماندەکانی هێزی تایبەت و بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

پاش بەخێرهاتن و پێشکەش کردنی چەند وتەیەک لە لایەن ئۆمید مەندوومی بەرپرسی فێرگەی حیزب، ئەم مەراسیمە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر محەممەدساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی کردن لە بەشداربووانی دەورە، بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پیشکەش کرد.

بەڕێز قادری لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە؛ پێشمەرگە سەربازێکی چەکدار نییە، بەڵکوو ناسنامەی نەتەوەیەکە و خاوەنی کەسایەتی و هۆشیارییەکی تایبەتە.

هەروەها گوتیشی؛ پێشمەرگە لە سەرتاسەری دونیادا وەکوو هێزێکی دژە تێرۆر ناسراوە کە بۆ ئاشتی و دێموکراسی خەبات دەکات.

پاشان سروودێکی شۆڕشگێڕی لەژێر ناوی ئەی دێموکرات لە لایەن گرووپی سروودی ڕاسان بە هاوکاریی دەورەی ٢٢٣ پێشکەش کرا.

دواتر ڕاپۆرتی ئامووزشیی دەورە لە لایەن دیاکۆ مەسعوودی مامۆستای فێرگەوە خوێندرایەوە.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی دەورە لە لایەن بەشداربووی دەورە ئەیووب قەمەری ڕاد پێشکەش کرا.

دوای پێشکەش کردنی پەیامی دەورە، سروودێک لەژێر ناوی بژی دێموکرات لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

بەپێی نەریتی فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکرات، ناوی نەفەراتی یەکەم تا سێهەمی دەورە که لەباری تاقیکارییە سیاسی و نیزامییەکانەوە پلەی نێونجیان بەدەست هێنابوو، بەم شێوەیە ڕاگەیەندرا: مەریەم شابازی، ئەیووب قەمەری ڕاد و مۆحسێن ئەلیاسی و دواتر ناوبراوان خەڵات کران.

ئەو هاوڕێیانه لە لایەن محەممەدساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتەوە خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

هەروەها لە بواری نەزم و دیسیپلین، سێ نەفەری یەکەم کە نێونجی نمرەیان بەدەست هێنابوو؛ ئەحمەد قۆیتاسی، بەیان کاکەخانی و دیار بنی عەبباسی خەڵات کران.

ئەو هاوڕێیانەش لە لایەن سدیق دەرویشی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا نمایشی نیزامی لە لایەن بەشداربووانی دەورەی ٢٢٣ی سەرەتایی پێشکەش کرا.

کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی شۆڕشگێڕی کۆتایی پێهات.