کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کرماشان سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک عەبدولڕەزا کەریمی

16:34 - 26 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: مامۆستایانی قوتابخانەکانی کرماشان سەربارەت بە کۆچی دوایی کاک عەبدولڕەزا کەریمی، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی هاوخەمییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی هاوخەمیی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کرماشان سەبارەت بە کۆچی دوایی هاوکار و خەباتکاری ڕێگای ئازادیی کوردستان
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی کۆچیی هەتاوی، بەرانبەر به ١٣ی فێوریه‌ی ٢٠١٧ی زایینی، کاک عەبدولڕەزا کەریمی ناسراو بە کاک ئەبوو مامۆستای دێرینی قوتابخانەکانی شاری مەریوان و تێکۆشەری دێرینی ماندوونەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری هایدلبێرگی وڵاتی ئاڵمان بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە هاوسەنگەرانی کرد.

هاوکار و تێکۆشەری ماندوونەناس هاوڕێ کاک عەبدولڕەزا کەریمی ساڵی ١٣٢٠ لە بنەماڵەیەکی ناسراوی کرماشان لەدایک بوو، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارە تەواو کرد و بۆ درێژەی خوێندن لە ئاستی زانکۆدا ڕۆیشتە شاری ئیسفەهان و لەوێ توانی بڕوانامەی لیسانس لە مێژوودا بەدەست بێنێت و دواتر لە شاری مەریوان سەرقاڵی وانە وتنەوە بوو.

سەرەتا تێکۆشانی لە ڕیزی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران دەستپێکرد و پاش ئینشعاب لەو ڕێکخراوەیە، بەرپرسایەتی لقی کوردستانی بەشی ئەقەلییەتی ئەو ڕێکخراوەیەی وەئەستۆ گرت و هەر لەو کاتەشدا بۆ پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی کورد دەوری بەرچاوی گێڕا. تا سەرئەنجام ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئاستی ئەندامەتی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەکانی هەورامان و جوانڕۆ ئەرکی وەئەستۆ گرت و پاشان وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی حیزب لە داڵاهۆ دەوری بەرچاوی گێڕا.

بەهۆی ئەو کار و تێکۆشانە لێبڕاوانەیەی هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی وەک ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی بەهۆی باری نالەباری جەستەیی، بە موافقەتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و لە ئاڵمان درێژەی بە ژیان و تێکۆشانی دا و وەک نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب و ڕاوێژکاری سکرتێری گشتی لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئۆپۆزیسیونی ئێرانی درێژەی بە بەجێهێنانی ئەرکەکانی دا.

ئێمە مامۆستایانی کرماشان وێڕای هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو، خزم و کەسوکار و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی تێکۆشەری کرماشان لەو باوەڕداین تەنیا ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی کرماشان