کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات و سێناتۆر بووکێر لە ئامریکا کۆبوونەوە

21:49 - 27 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ سێناتۆر بووکێر و ڕێکخراوی نەتەوەیی دێموکراسی لە ئامریکا کۆبوونەوە.

ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری سێناتۆر کۆری بووکێر و دەفتەری ڕێکخراوی نەتەوەیی دێموکراسی لە ئامریکا کرد و لە لایەن بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی سێناتۆر بووکێر و هەروەها بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ڕێکخراوی نەتەوەیی دێموکراسیەوە پێشوازیی لێ کرا.

لەم کۆبوونەوانەدا کە هاوکات ‌بوون لەگەڵ دەسپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسەت لە ئامریکادا، نوێنەری حیزبی دێموکرات بە ئاماژە بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها خەباتی نوێی گەلەکەمان لەو بەشە لە کوردستان کە بە ڕاسان ناسراوە، باسی لەوە کرد کە؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوەی تێرۆر و گەورەترین هۆکارە لە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.

ئارەش ساڵح لەو دیدارەدا وتی؛ ئاکامی ڕاستەوخۆی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە، سێڵاوی کۆچبەرانە کە نەتەنیا ئابووری و ئاسایشی ڕۆژئاوای ڕووبەڕووی کێشە کردۆتەوە، بەڵکوو خەریکە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بەها کۆمەڵایەتییەکان هەم لە ڕۆژئاوا و هەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە.

ئارەش ساڵح لە درێژەدا بە باس کردن لە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات وتی؛ ئەمڕۆ گەلی کورد خەریکە لە هەموو ئامرازەکان کەڵک وەردەگرێت کە بتوانێت لەبەرانبەر دیکتاتۆریەتدا ڕاوەستێت و ئەمە دەتوانێت ڕۆڵێکی کلیلی لە شێوەی تێگەیشتنی ئێوە لە ئێران و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە بگێڕێت. نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا وتی کە؛ تەنیا ڕێگە چارە بۆ ئەو کێشانەی کە لە ئاکامی دەستێوەردانی ئێرانەوە ساز دەبن ئەوەیە کە، نەتەوە ستەملێکراوەکانی نێو ئێران بەهێز بن و بتوانن ببن بە مۆتۆڕێکی بەهێز بۆ خواستی دێموکراتیزە بوون و فێدڕاڵیزە بوونی ئێران.

لە درێژەی ئەو دوو دیدارەدا هەریەک لەو بەرپرسانە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی خۆیان بۆ خەباتی کوردەکان لە نێوخۆی ئێراندا، هیوایان خواست کە بە زووترین کات ئەم کێشەیە ڕێگەچارەی پێویست بدۆزێتەوە.

بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ڕێکخراوی نەتەوەیی دێموکراسی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی؛ دژوارترین بارودۆخ ئەمڕۆ بەرۆکی کوردی ئێرانی گرتووە، بە باوەڕی بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ڕێکخراوی نەتەوەیی دێموکراسی لە ئامریکا، کێشەی کورد لە ئێران لەبەر بابەتە هەستیارەکانی‌ دیکە تا ئێستا پشتگوێ خراوە، کە ئەمەش وادەکات کە کوردی ڕۆژهەڵات کە دەسپێکەری خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردە و بۆ یەکەمجار ئەو خەباتە لەوێ بە ڕێکخراوەیی کراوە، دۆخێکی دژواری هەبێت.

هەروەها بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ڕێکخراوی نەتەوەیی دێموکراسی، ئاشنایی تەواوی لەگەڵ ڕاسان هەبوو و باسی لە وتاری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە شاخ کرد، کە وەکوو ڕاگەیاندنی دەسپێکی ڕاسان ناودەبرێت.