کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی باسی سەرەکی تڕامپ و نێتانیاهو بوو

14:38 - 28 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە پرێس کۆنفڕانسێکی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل پێداگری کردەوە کە نابێ ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندان دۆناڵد تڕامپ لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهو باسی لە پێوەندی توند و تۆڵی نێوان هەر دوو وڵات کرد و ڕایگەیاند بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادرێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

سەرکۆماری ئامریکا هەروەها وتوویەتی: ئەو قەیرانە ئەمنیەتییانەی کە ئیسڕائیل لەگەڵیدا بەرەوڕوویە زۆر بەربڵاون کە یەکێک لە گرینگترینیان زێدەخوازییە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامییە.

ناوبراو هەروەها پڕژاوەتە سەر ڕێککەوتنی ناوکی ناسراو بە بەرجام و دەڵێ: ئەمە یەکێک لە خراپترین ڕێککەوتن نامەکانە؛ دەوڵەتی واشەنگتۆن تا ئێستا چەندین تەحریمی لەدژی ئێران پەسند کردووە و لەمەو بەدواش بۆ پیشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی هەنگاوی دیکەش دەگرێتە بەر.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەواڵی پێداچوونەوە بەسەر بەرجامی دابوو.

لە بەرامبەریشدا بێنیامین نێتانیاهو ئاماژەی بە تاقیکارییە موشەکییەکانی ئەم دواییانەی ئێران کرد و وتی: جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەڵێ موشەکەکانی ئێران لەدژی هیچ وڵاتێک کەڵکی لێوەر ناگیرێ بەڵام بە زمانی عێبری پێوەی نوسراوە ئیسڕائیل دەبێ لەنێو بچێ!