کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان هاوخەمیی خۆیان سەبارەت به کۆچی دوایی کاک ئەبوو کەریمی دەربڕی

15:40 - 29 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: سێ لایەنی سیاسیی ئێرانی لە چەند پەیامی جیاوازدا داخ و کەسەری خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ کۆچی دوایی کاک عەبدولڕەزا کەریمی، تێکۆشەری دێرین و کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەر کام لە بزووتنەوەی کۆماریخوازەکانی دێموکرات و لائیکی ئێران، سازمانی فەدائیانی خەڵکی ئێران(زۆرینه) و بزووتنەوەی سێکۆلار دێمۆکراسیی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی پەیامی جیاواز کۆچی دوایی کاک ئەبوو کەریمی، تێکۆشەری دێرین و کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داخ و کەسەری خۆیان دەربڕی.

ئەو لایەنانە، ڕۆڵی کاک عەبدولڕەزا کەریمی لە ڕێگای ئازادی و چالاکییەکانی ناوبراویان لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆن‌دا گرینگ وەسف کردووه.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی کۆچیی هەتاوی، بەرانبەر به ١٣ی فێوریه‌ی ٢٠١٧ی زایینی، کاک عەبدولڕەزا کەریمی ناسراو بە کاک ئەبوو مامۆستای دێرینی قوتابخانەکانی شاری مەریوان و تێکۆشەری دێرینی ماندوونەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری هایدلبێرگی وڵاتی ئاڵمان بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە هاوسەنگەرانی کرد.