کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانیەکان لە ئامریکا بەشداری کرد

16:47 - 29 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانیەکان لە ئامریکادا بەشداری کرد.

ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا پێکهاتوو لە جەماڵ عەبدوڵڵا زادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا و ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا بەشداری کرد.

ئەم کۆبوونەوەییە بە میوانداری نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو حیزبە کوردییەکان لە هەرچوار بەشی کوردستان لە دەڤەری واشینگتۆن دی سی ڕێکخرابوو.

ئەم کۆبوونەوەیە کە لەلایەن بەشی کۆنسول و کاروباری ڕەوەندی کورد لە دەفتەری نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا ڕێکخرابوو.

پاشان ئامادەبووان دەستیان کرد بە تاوتوێ کردنی بابەتە سەرەکیەکان و هەرکام لە ئامادەبووان باسی خۆیان هێنایە ئاراوە.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە بابەتەکان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە نزیک بوونەوەی لایەنە کوردیە جیاوازەکان دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە بەهێز کردنی ڕەوەندی کوردی لە ئامریکا.

جەماڵ عەبدوڵازادە، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، لەم دانیشتنەدا بە باس کردن لە ئەزموونی پێشووی هاوکاریی حیزبە کوردستانیەکان لە ئامریکا بۆ ئامادەبوانی شی کردەوە کە دەبێت ئەو حیزبانە ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەتەوەییەکان و ڕێکخستنی کۆمەڵگای کورد لەو وڵاتە. هەروەها لە درێژە دا بە ئاماژە بە ئامادەبوونی کۆمیتەی حیزبی دێموکات لە ئامریکا بۆ هاوکاری وتی کە دەبێت ئەو هاوکاریە کە هەیە بەرفراوانتر بکرێتەوە.

ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دیموکرات لە ئامریکا بە ئاماژە بەوەی کە هەبوونی حیزبی دێموکرات و بە ڕێکخراوەیی بوونی کۆمەڵگای کورد لەو وڵاتە نەتەنیا خاڵێکی ئەرێنیە بەڵکوو زۆر دەتوانێت ببێتە هۆی ئاسانکاری بۆ بەرەوپێش بردنی کارەکان.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا بە ئاماژە بە پێویستی داڕشتنی قەوارەیێکی شیاو بۆ هاوکارییەکان وتی کە بۆ داڕشتنی ئەو قەوارەیە پێویستە پێش لە هەرشتێک وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە کە ئامانجی ئێمە لە بنیاتنانی ئەم پێکهاتەیە چیە.

لە کۆتاییدا هەموو لایەنەکان بە ئاماژە بە گرینگی ئەم دانیشتنانە و پێویستی بەردەوامیان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە وێڕای بەڕێوەبردنی هەندێک چالاکی وەکوو هاوکاری کردن بۆ بەڕێوەبردنی بۆنەی نەورۆز ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن ئەو لایەنانە بتوانن هەر چەند مانگ جارێک کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بتوانن یەکتر لە باروودۆخی کوردستان ئاگادار بکەنەوە.

لەم کۆبوونەوە دا نوێنەرانی حیزبەکانی چوار بەشی کوردستان بەشدار بوون.