کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە کانادا لەگەڵ ئەندامی ڕێبەریی حیزبی لیبڕاڵی ئەو وڵاتە کۆبوویەوه

16:26 - 30 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی کانادا لەگەڵ ئەندامێکی ڕێبەریی حیزبی لیبڕاڵی کانادا کۆبوونەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە سەر بانگھێشتنی فەرمیی لقی ڕۆژئاوای کانادای حیزبی لیبڕاڵ، ھەێئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکھاتوو لە شەھریار ویژە بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژئاوای کانادا و ئیسماعیل ئیبراھیمی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کانادا، لەگەڵ دۆمینیک لۆ بلانک ئەندامی ڕێبەریی حیزبی لیبڕاڵ و ژمارەیەک لە ئەندامانی لقی ناوچەی ئەو حیزبه کۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەوەدا، ھەیئەتی حیزبی دێموکرات وێڕای سپاسی دەوڵەتی کانادا بۆ پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد و بەتایبەت شەڕی دژی تێرۆر، بە وردی لەسەر سەرەرۆیی، تێرۆر و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر گەلەکەمان لە کوردستانی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری وڵاتانی ناوچە گفتوگۆیان کرد.

هەیئەتی حیزب لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا، بەتایبەتی پرسی دەستپێکردنەوەی پێوەندی دیپلۆماتیکی نێوان کانادا و کۆماری ئیسلامی‌یان بۆ لۆبلانک شی کردەوە و داوا کرا کە دەوڵەتی کانادا ھەروەها پێشڕەو بێت لە سەرکۆنە و گوشاری زیاتر بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و تێبینییەکانی ھاوڵاتیانی کوردی کانادایی لەسەر کۆماری داگیرکەری ئیسلامی لەبەر چاو بگیرێن.

لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا، لۆبلانک وێڕای دەربڕینی خۆشحالی خۆی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ھەیئەتی حیزبی دێموکرات و بیستنی تێبینییەکان، بەلێنی دا زۆر بە ڕوونی و بە ڕاشکاوی ئەو باس و تێبینییانە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و پارلمانی کانادا بێنێتە بەر باس و ھەیئەتی حیزبی دێموکراتی دڵنیا کردەوە لەوەیکە مەترسییەکانیان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی کوردستان و لە کانادا بە ھێند وەربگیرێن ودەوڵەتی کانادا ھەروا بەردەوام دەبێت لە پێشەنگایەتی ھەڵمەتی نێونەتەوەیی بۆ گۆشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.