کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیگیری لە زیندانیانی سیاسی کورد لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

16:55 - 30 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانێکی بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی کورد لە بەردەم ناوەندی مافی مرۆڤی جیهانی ئەمنستی ئینترناسیۆناڵ لە شاری هامبورگ بەڕێوە برد.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز لێنان لە گیانی پاکی هاوڕێی تێکۆشەر کاک عەبدولرەزا کەریمی دەستی پێکرد.

دواتر شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لەسەر دۆخی نالەباری نێو زیندانەکانی ئێران، ئازار، ئەشکەنجەدان و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و بەتایبەتی زیندانیانی سیاسی کورد لە لایەن ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی قسەی بۆ بەشدار بووان کرد.

نەقشبەندی لە قسەکانی دا وتی: ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە تا ببین بە دەنگی زیندانیانی سیاسی. هاتووینە بەردەم ڕێکخراوی ئەمنستی لە هامبورگ بۆئەوەی لە ڕێگای ئەوانەوە دەنگمان بە ڕای گشتی بگەیەنین و پێیان دەڵێین کە لە زیندانەکانی ئێران و بەتایبەتیش لە کوردستان هیچ جۆرە مافێک بۆ بەندکراوان قاییل نابن. لە دادگاییەکی فورمالیتە و چەند خولەکی دا و بە بێ ئەوەی هیج جۆرە تاوانێکیان کردبێ یان هیچ جۆرە بەڵگەیەک هەبێ بۆ سەلماندنی ئیدعاکانی ڕێژیم، حوکمی زاڵمانە و قورس بەسەر بەندکراوان دا دەسەپێنن. چەند رۆژ پێش لە شاری شنۆ حەوت کەسیان بە بێ تاوان ڕاپێچی زیندان کرد و دواتر حوکمی ئێعدام بۆ یەکێکیان و ئەوانیتریش حوکمی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندرا کە لە ڕاستی دا لەوەتی کۆماری ئیسلامی هاتۆتە سەر حوکم، ئەم کردەوە دژە مرۆییەی تا ئیستا هەروا درێژە پێداوە هەربۆیە پێویستە چیتر ڕێگە بە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی نەدرێ.

شەهریار نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بە ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەراست کرد و وتی کە ئەو رێژیمە هیچ ڕێگایەکی ئومیدی بۆ گەلانی ئێران نەهێشتۆتەوە و تەنیا بە نەمانی، گەلانی ئێران و بەتایبەتیش گەلی کورد بە مافەکانیان دەگەن، هەربۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو ڕووخانی رێژیم و سەقامگیر کردنی دێموکراسی لە ئێران و بونیادنانی سیستمێکی فیدڕاڵ شێلگیرتر لە جاران درێژە بە خەباتی خۆی دەدا.

پاشان نوێنەری جەبهەی دێموکراتی احواز بەو بۆنەوە پەیامی پێشکەش کرد و لە پەیامەکەی دا پشتیوانی خۆی بۆ گەلی کورد و ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووپات کردەوە.

شایانی باسە نامەیەکیش بە زمانی ئاڵمان تایبەت بە دۆخی زیندانیانی سیاسی ئێران و کوردستان بۆ ڕێكخراوی ئەمنستی بەڕێ کرا.