کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لەگەڵ سێناتۆر گاردنێر کۆ بوویەوە

21:12 - 30 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لەگەڵ سێناتۆر گاردنێر سەبارەت بە حیزبی دێموکرات و ڕاسان گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا سەردانی دەفتەری سێناتۆر کۆری گاردنێری کرد و لە لایەن بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێناتۆرەوە پێشوازی لێ کرا.

لەم دیدارە دا کە بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و ئێران و هەروەها باس کردن لە ڕوانگەی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە ئاڵۆگۆڕەکانی ئەم دوایانەدا هاتە ئاراوە، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا باسێکی لەسەر پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسان پێشکەش کرد.

ئارەش ساڵح وتی، هەموو لایەک دەبێ وشیاری ئەوە بین کە کۆماری ئیسلامی لە قۆناخی دوای ڕێککەوتنی ناوکی، کاتێک کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا سەرقاڵی چۆنیەتی بەکردەوەیی کردنی ئەو ڕێککەوتنەیە، خۆی پیلانی‌تری بەدەستەوەیە و بە دوور لە چاوی جیهان دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە فراوانتردەکات.

نوێنەری حیزبی دێموکرات وتی، ئێران بە دوو ئامانج دەستێوەردانەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر دەکات: یەکێکیان بۆ ئەوەی کە پانتایی زیاتری بۆ یاری کردن لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەبێت و بتوانێت قووڵایی ستراتیژیکی خۆی پەرە پێ بدات کە لە کاتی پێویستدا کارتی پێویستی بۆ یاریکردن هەبێت. دووهەمیشیان لەبەر ئەوەی کە دەیهەوێت بە هەناردە کردنی ئیسلامە سیاسیەکەی خۆی پێگەی خۆی لە ناوچەکە بەهێزتر بکات.

ساڵح هەروەها گوتی ئەم ئاراستەیەی کۆماری ئیسلامی بۆتە هۆی ئەوەی کە شەڕ، ناسەقامگیری و کێشەی قووڵ لە ڕۆژهەڵاتی نێوە ڕاست بێتە ئاراوە و ئەو کێشانە بە جۆری جیاواز ڕۆژئاواش بگرنەوە.

بۆ وێنە بێ گومان یەکێک لە گرینگترین فاکتەرەکانی ناسەقامگیری ناوچە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ئەو ناسەقامگیریەش لە ڕێگەی کۆچبەرانەوە ڕۆژئاوای تووشی کێشەی ئاسایش و کۆمەڵایەتی کردۆتەوە.

لە درێژەدا ئارەش ساڵح وتی، ڕاسان کە هەڵسانەوەی نوێی گەلی کوردە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەتوانێت کۆی هاوسەنگیەکان بگۆڕێت. بەو مانایە کە ڕاسان دەتوانێت بە ڕێکخستنی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ببێتە هۆی چەند قەیرانی سەرەکی لەناوخۆی ئێراندا و ئەو قەیرانانە دەبنە هۆی ئەوە کە سەرچاوەکانی ئێران بۆ دەستێوەردانی دەرەکی سنووردارتر لە ئێستا بکرێنەوە.

لە درێژەدا هەر دوو لایەن وێڕای باسکردن لە پێویستیی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا بە نیسبەت ڕێژیمی ئێران، باسیان لەوە کرد کە ئامارە فەرمیەکان پیشان دەدەن کە ئەم ڕێککەوتنە بەهیچ شێوە نەیتوانیوە لەسەر بژێوی خەڵکی ئاسایی کاریگەری هەبێت. هەروەها هەر دوو لایەن بەجەخت کردنەوە لە سەر پێویستیی بەردەوام بوونی ئەم جۆرە پێوەندییانە بڕیاریان دا بۆ ئەوەی مێکانیزمی هاوکاریی گونجاو بدۆزرێتەوە ئەو کۆبوونەوەیە بۆ جارێکی تریش درێژ بکرێتەوە.